بووكە بووكەڵە بەدەستەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان روو لە زیادبوونن
رووداو – سەقز
تەمەنی 12 ساڵە، ئێستا دەبوو بووكەڵەیەكی بەدەستەوە بێت و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی یاری بكات، بەڵام دوو ساڵە بەشوو دراوە و لە بری بووكەڵە، كۆرپەیەكی یەك ساڵانی لە باوەشە. مریەم حەزی لێبووە بخوێنێ و ببێتە پزیشك، بەڵام دابونەریتی خێڵ، حەزەكەی لە گۆڕنا.
مریەم یەكێك لەو هەزاران منداڵەی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە تەمەنێكی زۆر كەمدا بەشوودراوە. لە كۆمەڵگەدا بەو منداڵانە دەگوترێ "بووكە منداڵ"، بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی دەدرێنە كەسانی زۆر بە تەمەنتر لە خۆیان.
هەندێ لە خێزانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، كچەكانیان پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 18 ساڵ بە شوو دەدەرێن، لە هەندێك وڵاتدا هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا بە رەزامەندی دایك و باوك، رێگەپێدراوە. لە ئێران بەپێی یاسا تەمەنی شیاو بۆ هاوسەرگیری (بۆ كچان 13 ساڵ و بۆ كوڕان 16 ساڵ)ـە، بەڵام یاساكە رێگەی بە تەمەنی كەمتریش داوە بۆ شووكردن، ئەویش بە رەزامەندیی باوك و دایك و وەرگرتنی ئیزنی دادگاكان. واتا دوای پێگەیشتن كە بەپێی شەرع پێگەیشتنی كچان لە تەمەنی 9 ساڵی دەستپێدەكات و كوڕانیش لە 15 ساڵی.
بەپێی ئامارەكان تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 970 حاڵەتی هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر 18 ساڵ لە پارێزگای كوردستان تۆمار كراوە كە 5% یان ئەنجامەكەی لێك جودابوونەوە و تەڵاق بووە. هەر لەو ماوەیەدا لە پارێزگای ئیلام 98 حاڵەتی هاوسەرگیریی تەمەنی خوار 15 ساڵ تۆمار كراوە.
بەپێی ئامارێكی دیكە، ساڵی 2016 لە هەر چوار پارێزگاكەی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 2887 هاوسەرگیریی تەمەنی ژێر 18 ساڵ تۆمار كراوە كە 28 حاڵەتیان هاوسەرگیریی تەمەنی ژێر 10 ساڵان بووە.
بەپێی پەیمانی مافی منداڵان كە ئێرانیش یەك لە ئەندامانی ئەم پەیمانەیە، كەسانی خوار 18 ساڵان بە منداڵ دەژمێردرێن و لەڕووی زەینی و جەستەییەوە بۆ پێكەوەنانی خێزان ئامادەنین. جگە لەوەش زۆربەی ئەوانەی بە منداڵی بەشوودەدرێن، دەرفەتی تەواوكردنی خوێندنیان زۆر كەم دەبێتەوە.
كۆمەڵناسان هەلومەرجی ئابووری و سوننەتیبوونی خێزانەكان بە سەرچاوەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەزانن، بەڵام چالاكانی مافی منداڵ پێیانوایە، هاندانی حكومەت بۆ هاوسەرگیریی پێشوەخت، كاریگەری زۆری هەبووە.
كۆمەڵناسان پێیانوایە هەڵكشانی ئامارەكانی خۆسووتاندن و خۆكوشتن و ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و توندوتیژیی دژی ژنان كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی لە زیادبوونە، بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە.
كامیل ئەحمەدی، كۆمەڵناس و لێكۆڵەر بە (رووداو)ی گوت: "لە دیاردەی بووكەمنداڵدا لە ژێر ناوی هاوسەرگیری، منداڵانی كچ لاقە دەكرێن، كە پێیدەگوترێ (لاقەكردنی كپ)".
موژدە محەممەدی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان سەبارەت بەو گیروگرفتانەی كە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا بۆ كچانی دروست دەكات، دەڵێت: "بەپێی پێناسەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ منداڵن، بۆیە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵەكە دەبێت".
بە گوتەی محەممەدی، جەستەی زۆربەی ئەو كچانە بۆ سێكس ئامادە نییە، بۆیە زۆرجار كێشەیان بۆ دروست دەبێ، وەكو هەڵدڕانی كۆئەندامی زاوزێ، هەوكردنی ناوەوەی كۆئەندامی زاوزێ، بە تایبەتی بۆرییەكانی منداڵدان، كە رەنگە دواجار ببێتە هۆی نەزۆكی".
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی ئافرەتان ئاماژە بە لێكەوتەكانی دیكەی زوو شووكردنی كچان دەدات و دەڵێت "ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاترە. جگە لەوەش لەبارچوونی منداڵ لەو تەمەنە كەمەدا زیاترە".
پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بووكە منداڵ تا ئێستا چەندینجار لە پارلەمانی ئێراندا خراوەتە بەر باس، بەڵام بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام ناتەبایە، رەتكراوەتەوە.
نەسیم جەلالیزادە، پارێزەرێكی دانیشتووی شاری سنەیە، دەڵێت یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی هاوسەرگیریی تەمەنی خوار 18 ساڵ، ئەوەیە رێ لە توندوتیژی بەرامبەر ئەو كچانە بگیرێ كە بەهۆی هەژاری یان دابونەریتەوە بە زۆر بەشوودەدرێن.
چ تەمەنێك بۆ سێكس گونجاوە؟
دكتۆر بەیان كەریمی، پسپۆڕێكی دیكەی نەخۆشییەكانی ژنانە دەڵێت: "نابێ ئەو تەمەنەی كە شەرع بۆ پێگەیشتنی كچانی داناوە، وەك تەمەنێك بۆ هاوسەرگیریش رەچاو بكرێت، چونكە تەنانەت دوای ئەوەی كچێكی منداڵ بۆ یەكەمجار تووشی سووڕی مانگانە دەبێ، هێشتا چەند ساڵێكی پێویستە بۆ ئەوەی كۆئەندامی زاوزێی پێبگات و كامڵ بێت".