لە سێرت کۆمەڵێک گەنجی کورد کارگەیەکی رووپۆشکردنی خانوو و باڵەخانە دادەمەزرێنن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک گەنجی کورد لە شاری سێرتی باکووری کوردستان کارگەیەکی رووپۆشکردنی باڵەخانە و خانوویان دامەزراندووە، کە کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیا دەکەن. خاوەنی کارگەکە دەڵێت، لە پلانیاندایە ساڵی ئایندە هەناردەیان دوو هێندە بکەن.
ئەو کارگەیە هەلی کاری بۆ 30 هاونیشتمانی رەخساندووە و وەک خۆیان دەڵێن، ساڵانە بایی ملیۆنێک و 200 هەزار دۆلار کەرەستەی بیناسازیی رووپۆشکردن هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن.
ئیحسان تاڕڵاک، وەبەرهێنەرێکە و دەڵێت، "2012 تاوەکو 2015 لە بیناسازیدا کارمان کرد. لەوێدا کاری فرۆشتنیشمان دەکرد. جا دوای ئەوەی ئاشنابووین بە کەرەستەی رووپۆشکردنی باڵەخانە، ویستی ئەوەمان لا دروستبوو کە ئەم کەرەستانە لە زێدی خۆماندا دروستبکەین".
کرێکارانی ئەو کارگەیە دەڵێن، ئەگەر هەلی کار لە باکووری کوردستان هەبێت، کۆچی گەنجانی کوردیش بۆ شارەکانی تورکیا کەمتر دەبێتەوە.
حەقی سەراچ، کرێکارێکە و دەڵێت، "خۆزگە 10 بۆ 20 کارگەی دیکە هەبووایە بۆ ئەوەی خەڵک نەچووبایەتە دەرەوەی شارەکە و لێرە کاریان بکردایە. بوونی کارگەیەکی وەها لە زێدی خۆمان زۆر باشە. هیچ نەبێت بەیانییان و ئێواران چاومان بە ماڵ و منداڵی خۆمان دەکەوێت".
ئەرکان ئەپئۆزدەمیر، کرێکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێشتر لە ئیستەنبووڵ کارم دەکرد. ئەزموونی 7-8 ساڵ کارکردنم هەیە لەوێ. دواتر کارگەی رووپۆشکاریی (یەس) لە ناوچەی پیشەسازیی سێرت دامەزرا. هەلی کار دروستبوو. ماوەی 2 ساڵ و نیوە نانی ئەم کارە دەخۆین".
ئەم کارگەیە دەڵێت، جگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کاڵا بۆ شارەکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیاش دەنێرێت. خاوەنی کارگە دەڵێت لە پلانیاندایە ساڵی ئایندە هەناردەیان دوو هێندە بکەن.
لەم کارگەیەدا ساڵانە بڕی 250 هەزار تۆن کەرەستەی کیمیایی بەرهەمدەهێنرێت.