سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی قەرەچووخ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی قەرەچووخ دەکات.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22-10-2023، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور شەڕ روویدا. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "شەهید و بریندار لە هەردوولا" هەیە.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، سەرۆک مەسعود بارزانی "لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی هەردوو شەهید، عەقید قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر رەحمان كرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی پێ راگەیاندن."
لەبارەی شەڕەکەی دوێنێی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە لە سنووری مەخموور، ئەمڕۆ (دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2023)، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە."
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى قەزاى مەخموور. گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حەوت کەسیش لە هەردوولا برینداربوون. (یەکێک لەوان عەقید عەبدولقەهار جەوهەر دواتر شەهید بوو).
بەگوێرەى راگەیێندراوی لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانى داواى لە سەرجەم سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى عێراق و پێشمەرگە کردووە "هۆشیاران"ـە مامەڵە بکەن.
لەبارەی لیژنەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، پشتیوانی بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی "خێرا و شەفاف" لە رووداوەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە دەکەن بە ئامانجی دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بارزانی
سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی هەردوو شەهیدی شەڕەكەی چیای قەرەچوغ دەكات.
ڕۆژی دووشەممە 23ی تشرینی یەكەمی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی هەردوو شەهید، شەهید عەقید قەهار جەوهەر قەهار و شەهید هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان كرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی پێ ڕاگەیاندن.