سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ راگەیێندراو لەبارەی دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەڤانەکەی سلێمانی دەردەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ دوو راگەیێندراویان لەبارەی دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی بڵاوکردەوە. سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، دەستگیرکردنی یەکێک لەو رۆژنامەڤانانە لەسەر ئازادیی میدیا و رەخنەوە نییە. سەنتەری میترۆش لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانەکەی دیکە دەڵێت: "لەسەر شەڕێک دەستگیرکراوە، کە 16 ساڵ پێش ئێستا روویداوە." هاوکات لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت، شێوازی دەستگیرکردنیان مەترسییە بۆسەر ئازادیی رادەربڕین.
 
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس عیماد بیلال، کە لە رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023  لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە رایگەیاند: "لەسەرەتای سەرھەڵدانی کێشەی نێوان عیماد بیلال و ھیوا عوسمان، ئێمە پێمانڕاگەیاندن کە کێشەکەیان تایبەتە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە میدیا و کاری رۆژنامەنوسییەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین ھەوڵماندا وەک لایەنی سێیەم قسەی خێری تێدا بکەین و ھیوا عوسمان سکاڵاکەی بکێشێتەوە، چونکە دڵنیابووین عیماد بیلال رادەگیرێت، دەستگیر دەکرێت، بەڵام ھەوڵەکەمان سەرکەوتوو نەبوو."
 
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە دوایین گفتوگۆیان لەگەڵ عیماد بیلال، لە بارەگای لق لە سلێمانی، نووسراوی پشتگیرییان وەک رۆژنامەنووسێک بۆ کرد، "بەڵام لەبەر ئەوەی کەیسەکەی لەسەر میدیا و رۆژنامەوانی نەبوو، دیارە وەک ھاووڵاتی رەفتار لەگەڵ عیماد کراوە و دادوەر ماوەی راگرتنەکەی تاوەکو رۆژی 5-11-2023 بۆ نووسیوە."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسان جەخت لەوە دەکاتەوە: "دەستگیرکردنی عیماد بیلال بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئازادیی میدیا و رەخنەوە نییە و بابەتی نێوان دوو ھاووڵاتییە کە بە رێکەوت ھەردووکیان رۆژنامەنووسن."
 
هەروەها سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسانیش لەبارەی کەیسی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەوە دەڵێت: "کەیسی عيماد بيلال، سکاڵاکار رۆژنامەنووسە لە میدیای کۆمەڵی ئیسلامی، لە کۆمێنت عيماد تووڕە بووە و تەشهیری کردووە." 
 
سەنتەری میترۆ لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، کە ماوەیەک گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بووە، لە راگەێیندراوەکەیدا دەڵێت: "راگرتنی جەمال عەبدوڵڵا پەیوەندی بە کەیسی شەڕێکەوە هەیە کە پێش 16 ساڵ لەمەوپێش روویداوە."
 
بەگوێرەی راگەیێنداوەکەی میترۆ، کەسێک سکاڵای لەسەر جەمال عەبدوڵڵا تۆمارکردووە گوایە جەمال عەبدوڵڵا بە دەمانچە هێرشی بۆ بردووە، میترۆ دەڵێت: "ئێمە پشتڕاستی ناکەینەوە، بەڵام کەیسەکە وا تۆمارکراوە."
 
جەمال عەبدوڵڵا رۆژی دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەر وەکو شایەت بۆ کەیسێکی جیاواز چووەتە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، لەوێ پێیانگوتووە نۆ جار داوایان کردووە نەهاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنت هەیە و دەستگیرکراوە."
 
سەنتەری میترۆ لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت کاری جیددی هەیە، تێگەیشتن هەیە دادوەر نەرمی بنوێنێت و هەردوو رۆژنامەڤانەکە بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش رایگەیاند، شێوازی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکەی پارێزگای سلێمانی مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان و، داوای روونکردنەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی دەکات.
 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووس بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵا، ئازاد بایز و عیماد بیلال راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت "ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان، داواکارین هەرچی زووترە ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادبکرێن و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
لیژنەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی دەکات، روونکردنەوە بۆ رای گشتی بدەن، "ئەو جۆرە رەفتار و هەڵسوکەوتە نایاساییانە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بۆ؟ کە بۆ ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و تەواوی رۆژنامەنووسان بووەتە جێگەی پرسیار."