پەرلەمانتارێکی ورمێ: 51٪ـی بەشەئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ پارێزگاکانی دیکە دەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی شاری ورمێ رایگەیاند، 51٪ـی ئەو بەشەئاوەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکراوە، دەگوازرێتەوە پارێزگاکانی دیکە.
 
سەلمان زاکر، پەرلەمانتاری ئازەریزمانی شاری ورمێ رۆژی پێنجشەممە، 23-10-2025، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران و ژمارەیەک چالاکڤانی شارەکە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە ورمێ رایگەیاند، بەشی زۆری ئەو ئاوەی بە ناوی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە رووبارەکانی جەخەتوو و تەتەهوو دابین دەکرێت، ناگاتە دەریاچەی ورمێ و دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ساڵانە 300 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی ئەو دوو رووبارە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز و شارەکانی دەوروبەری) دەگوازرێتەوە.
 
رووباری تەتەهوو لە ناوچە کوێستانییەکانی نێوان سەقز و بانە لەگەڵ باشووری کوردستان سەرچاوە دەگرێت و بە سەقز و بۆکاندا دەڕژێتە نێو بەنداوی میاندواو. رووباری جەخەتووش لە کوێستانەکانی ناوچەی خوڕخوڕەی سەقزەوە سەرچاوە دەگرێت و بە تێکەڵبوونەوەی رووبارەکانی تیکاب و دیواندەڕە و سائین قەڵا دەڕژێتە بەنداوی میاندواو.
 
پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی ئەو دوو رووبارە لە ساڵی 1998ـەوە دەستیپێکردووە و سەرەتا بڕیار بوو ئاوی ئەو دوو رووبارە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخان بکرێت، بەڵام ئەو ئاوەی دەگوازرێتەوە دەبرێتە پارێزگای تەورێز و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و هەروەها کەرتی پیشەسازی سوودی لێوەردەگیرێت. ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری دەریاچەی ورمێ وشکبووە.