ئاری ئەحمەد: کێشەی پارە نەبێ، 10 مانگی دیکە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواو دەبێ

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: 28 پرۆژەی ستراتیژیی ئاو لە هەرێمی کوردستان هەن، لەگەڵ 18 پرۆژەی ئاوەڕۆ.
 
ئاری ئەحمەد لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16ی رووداو گوتی: "گرنگترین پرۆژەکانی ئاو بریتین لە گۆپتەپە - چەمچەماڵ، فریاگوزاری خێرای هەولێر، هێڵی سێیەمی دووکان - سلێمانی، قوشتەپە، بەردەڕەش، خەبات و فراوانکردنی پرۆژەی ئاوی قەندیل کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیان رەزامەندییان لەسەر دراوە و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت".
 
"%22ی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواو بووە"
 
لەبارەی پرۆژە ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە، ئاری ئەحمەد دەڵێت: ساڵی رابردوو پرۆژەکە دەستیپێکردەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی ماوەی دوو مانگ وەستا، دواتر دەستی بە کارکردن کردەوە، لە ماوەی سێ مانگدا 22% کارەکانی تەواو بووە.
 
گوتیشی: ئەگەر کێشەی پارە نەبێ، پرۆژەکە لە ماوەی 10 بۆ 11 مانگی دیکە تەواو دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان - سلێمانی 20 هەزار مەتر سێجایە، کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بە بڕی 423 ملیۆن دۆلار ئەنجامی دەدات، رەزامەندی سەرۆکوەزیران لەوبارەوە وەرگیراوە".
 
گوتیشی: "گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە و رێکارەکان تەواو بوون، لە ماوەی مانگێکدا پرۆژەکە دەستپێدەکات". 
 
%80ی پرۆژەی ئاوی دەربەندی رانیە تەواو بووە
 
لەبارەی کێشەی ئاوی راپەڕین، ئاری ئەحمەد بە رووداوی گوت: "کێشەکە ئاوی خواردنەوەیە، لە 2004ـەوە پرۆژەی ئاوی دەربەندی رانیە هەیە و 80%ی تەواو بووە، ئەو بەشەی ماوە دەدرێ بە کۆمپانیایەکی دیکە هەردوو کۆمپانیاکە پێکەوە تەواوی بکەن، بەهەمان شێوە ئەگەر کێشەی پارە نەبێ لە 6 تاوەکو 8 مانگ پرۆژەکە تەواو دەبێت".
 
کۆتایی مانگی 11ی ئەم ساڵ 100% پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای هەولێر تەواو دەبێت.
 
 
لەبارەی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای هەولێرەوە، ئاری ئەحمەد رایگەیاند: "پرۆژەکە شاکارێکی مەزنە و 20 هەزار مەتر سێجایە و دوو قۆناخە، لە قۆناخی یەکەمدا لە ماوەی ساڵێکدا 10 هەزار مەتر سێجای تەواو بوو، یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکان کە 65% کێشەی ئاوی هەولێر لەو هێڵە بوو چارەسەرکرا".
 
گوتیشی: "لە کۆتایی مانگی 11ی ئەم ساڵ 100% ئەو پڕۆژەیە تەواو دەبێت، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش گرفتی ئاو بە تەواوی چارەسەر دەبێت، گوژمەی پڕۆژەکەش 480 ملیۆن دۆلارە".
 
ئاری ئەحمەد راشیگەیاند: "بە تەواوبوونی پرۆژەکە 150 بیری ئاو دەوەستن، کە ئێستا 254 بیری ئاو وەستاون".