دایکی سێ منداڵە سووتاوەکەی چەمچەماڵ قسە بۆ رووداو دەکات

رووداو - سلێمانی

دایکی سێ منداڵەکەی چەمچەماڵ بۆ یەکەمجار قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، هاوژینەکەی ئەوەی بەسەرهێناون. داواش لە حکومەت دەکات بینێرنەوە دەرەوە بۆ چارەسەر و دەڵێت "لەم ئازارە رزگارمبکەن".

سێوان قادر، دایکی ئەو سێ منداڵەیە کە هەفتەی رابردوو لەکاتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیان سووتان و سێ منداڵەکەی گیانیانلەدەستدا، خۆیشی لە 90%ی جەستەی سووتا. ئەو ئێستا لە نەخۆشخانەی سووتاوییە لە سلێمانی.

هەرچەندە هێشتا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە دەکات و دۆسیەکە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام سێوان کە بە ئاسانی ناتوانێ قسەبکات بە (رووداو)ی گوت ئەوەی روویدا "خۆم نەبووم، مێردەکەم بوو، ئێمە شەڕمان کرد".

سێوان قادر هاوژینەکەی بە تۆمەتبار دەزانێ و گوتی "ئەم کەیسە دانەخرێ، بەسزای خۆی بگەیەنن، قەت لێی خۆشنابم. لە هیچ کەسێک خۆشنابم کە دەستی تێیدایە". 

سێوان دایکی سێ منداڵ بوو کە تەمەنیان لەنێوان 1 بۆ 5 ساڵدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانێت منداڵەکانی مردوون. ئەو دەڵێت "رزگارمبکەن لەم ئازارە. لێرە دەرمبکەن".

پۆلیسی چەمچەماڵ چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە باوکی منداڵەکانی دەستگیرکرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە، گیانلەدەستدانی منداڵەکان و سووتانی دایکیان دەکەن.

رووداو زانیویەتی، بەهۆی بوونی کامێرای چاودێری بەرامبەر ماڵی سێوان دەرکەوتووە هاوژینەکەی دەبەیەک نەوت دەباتە ژورەوە و غازی ماڵەکەش دەکاتەوە. دواتر هاوژینەکەی دەڕوات و ماڵەکە گڕدەگرێت و سێوان بەئاگرەوە بەرەو حەوشە دەچێت، دراوسێکان دەیکوژێننەوە، بەڵام خۆی زۆرینەی جەستەی سووتاوە و سێ منداڵەکەشی هەر لەوێدا گیانیانلەدەستدا.

شەفیق نووری، مامی سێوان ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، ئەو بە (رووداو)ی گوت "تەنیا دەمەوێت کاتێک دەگەڕێمەوە بە هاوڕێ بیانییەکانم بڵێم ئێمە خاوەنی حکومەت و دادگایەکین کە باوکە و بەدەم هاوار و غەدری برازاکەمەوە چووە. با سێوەش بێدەنگ نەکرێ و تاوانباریش لە ژوور بکرێت و بەخێوبکرێت. ئێمە وەک خانەوادەی سێوە لەجیاتی باوکە ئەژنۆشکاوەکەی داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەین سێوە بگەیەنێتە دەرەوە. ئێمە سوپاسی زۆرمان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندان و نەخۆشخانەکە هەیە، بەڵام دەبوو وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بناردایە و هەر هیچ نەبێت تاوەکو دڵی ئێمە سووکنایی بێت، نەوەک وەک نەخۆشێکی ئاسایی سەیربکرێت".

دەربارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە، سەرکەوت محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەهۆی پشووەکانەوە دوا زانیاری لەسەر چۆنێتی رووداوەکە نەزانراوە".

پێشتر لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو، قادر نووری، کە دەکاتە باپیری سێ منداڵەکە و باوکی سێوان رایگەیاندبوو "وەرن بە دەنگ و هاوارمانەوە و بەرگری لە مافی کچەکەم بکەن".

قادر نووری لە نامەکەدا دەڵێت "راستی رووداوەکە بەمجۆرەیە: د. م. کە دەکاتە هاوسەری کچەکەم (سێوان قادر) و باوکی هەر سێ منداڵ (دارین، لارین و دەروون) لە ماڵەکەی خۆیدا هەستاوە بە بەنزین پێداکردنی کچەکەم و هەر سێ منداڵەکەی. دوای ئاگرتێبەردانیان دەرگای لەسەر داخستوون و خۆی هەڵاتووە. بەداخەوە هەر سێ منداڵەکە بەتەواوی سووتان و گیانیانلەدەستداوە، کچەکەشم 85% بۆ 92%ی جەستەی سووتاوە و لە ئانوساتی گیانلەدەستدانیەتی".

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود