شارەوانیی هەولێر: 1300 گەڵابە پاشماوەی لافاوەکە فڕێدراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند دوای شەش رۆژ کارکردنی بەردەوام، رۆژی چوارشەممە کۆتاییان بە پاککردنەوەی سەرجەم ئەو گەڕەکانە هێنا، کە بەر لافاوەکەی هەینیی رابردوو کەوتبوون، راشیگەیاند 1300 گەڵابە پاشماوەی لافاوەکە فڕێدراون.
سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای شەش رۆژ کارکرکردنی بەردەوام لەلایەن 12 تیمی فراوانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە هاوکاری کۆمپانیای کاڤین گروپ، بەشێکی زۆری دەزگا خێرخوازی و رێکخراوەکان، بە دابینکردنی ئامێرەکانی شۆفڵ و تانکەری ئاو، چەندین پێداویستی دیکە، کۆتایی بە پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ئەو گەڕەکانە هێندرا، کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو".
سیامەند کەریم گوتی: "لە شەش رۆژی رابردوودا لە گەڕەکی گردجووتیار زیاتر لە 600 گەڵابە پاشماوەی لافاوەکە کۆکراونەتەوە و فڕێدراون و 11 کۆڵان تێکەڵەڕێژ کراون، هاوکات تەواوی گەڕەکەکە و ماڵەکانیش شۆردراون. لە گەڕەکەکانی رۆشنبیری یەک و دوو نزیکەی 500 گەڵابە پاشماوە فڕێدراون، سەرجەم ماڵ و کۆڵان و شەقامەکان پاککراونەتەوە، هەروەها لە گەڕەکەکانی سەرکارێزان و قەتەوی زیاتر لە 200 گەڵابە پاشماوە کۆکراونەتەوە و فڕێدراون".
گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەدا وێڕای پاککردنەوەی گەڕەکەکان، رۆژانە کارکردن لە کەندەکانی شاری هەولێر بەردەوامە، کە بەشێکیان کاری پاککردنەوە و فراوانکردن و لێدانی ساتر تێیاندا کۆتایی هاتووە.
رۆژی هەینی 17-12-2021 بەهۆی بارانی بەخووڕ لە چەند شوێنێکی هەولێر لافاو دروستبوو و بەو هۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا، کە تەرمی دوو کەسیان تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند لافاوەکە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیار دینار زیانی هەبووە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، ئاو چووەتە نێو 2509 ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە. هەروەها 402 خانوو، 867 ئۆتۆمبێل و 153 دووکان و مارکێت و کارگە زیانیان بەرکەوتووە.