ئاگر لە پاڵاوگەیەکی گوێڕ کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پاڵاوگەیەکی رێگەی هەولێر - گوێڕ ئاگر کەوتووەتەوە و پۆلیسی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
 
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی کاژێر 9:30ی ئەمشەو شەممە، 23-12-2023، ئاگرێک لە پاڵاوگەی مەتین لەسەر رێگەی هەولێر - گوێڕ کەوتووەتەوە.
 
بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بۆ رووداو نێردراون، دەردەکەوێت کە ئاگرێکی بەهێز لە پاڵاوگەکە بەرزدەبێتەوە.
 
کاروان میراودەلی گوتی: "تیمی دوو بنکەی ئاگرکوژێنەوە راسپێردراون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و تائێستا نازانرێت زیانەکانی چی بوون و چەندن."
 

 

مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، سێ تانکی ئاگریان گرتووە کە گازیان کۆگە کردووە کە هەریەکەیان توانای کۆگەکردنی 100 هەزار لیتر گازیان هەیە. 
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، 90٪ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە. 
 
شایەتحاڵێک گوتی، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە دەنگێکی گەورە بیستراوە؛ لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، بەشێکی شایەتحاڵان دەڵێن، بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەوتووەتەوە.