تورکیا: 29 پێگەمان لە باکووری عێراق و سووریا کردوونەتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە درەنگی شەوی 23-12-2023 بڵاویکردەوە، 29 پێگە و شوێنی مانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریا کراونەتە ئامانج.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "بە مەبەستی ناچالاککردنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە و رێکخراوەکانی دیکە و لەنێوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر خەڵک و هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و باکووری سووریا، هەروەها پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان، 29 پێگەی تیرۆریستانمان کردە ئامانج."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، کاژێر 10:00ی شەو (23-12-2023) ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکەی دەستپێکردووە و ئەو پەناگە، ئەشکەوت و کۆگایانەش کە بۆردومانی کردوون، شوێنی مانەوەی بەرپرسانی ئەو رێکخراوانە بووە. راشیگەیاندووە کە لە نێو ئەو 29 شوێنە بۆردوومانکراوەدا وێستگەی نەوتیش هەیە. 
 
بەگوێرەی زانیاریی تۆڕی میدیایی رووداو، هێزی ئاسمانیی تورکیا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستاندا چەند شوێنێکی لە قامشلۆ، قەحتانیە، عامودێ و مالیکییەی بۆردومان کردووە و بیرێکی نەوتیشی کردووەتە ئامانج. هەروەها سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت کە تربەسپی-ش لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراوە.
 
پێشتر، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئێوارەی رۆژی شەممە، 23-12-2023 بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی و گیانلەدەستدانی 13 گەریلای راگەیاند. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە نیوەڕۆی شەممە 23-12-2023 بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 22-12-2023 گەریلا لە ناوچەی خواکوڕک، لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا. هەر بەگوێرەی میدیای نزیک لە پەکەکە لەو هێرشەدا 36 سەربازی تورکیا کوژراون و 17 چەکیشیان کەوتووەتە دەستی گەریلاکان. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە ناوی شەش لەو سەربازە کوژراوانەی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن: رەمەزان گونای، مەحموود سەرینکان، چاغاتای ئەرەنۆغڵو، یاسین کاراجا، ئەمرە تاشکن و ئیسماعیل یازیجی.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 840 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.