هۆشەنگ محەممەد: ملیۆنێک و 50 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە کوردستان هەن
رووداو هەولێر
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ پێشکەشکردنی کەمترین خزمەتگوزاری بە ئاوارەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆلار هەیە و دەشڵێت "کەمکردنەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکان کاریگەری زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە حکومەتی فیدراڵ ئەو بودجەیەی بڕیوە کە بۆ پاڵپشتی ئاوارەکانی نێوخۆ تەرخانکرابوو".
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان ئێستا ملیۆنێک و 50 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، کە 788 هەزاریان ئاوارەی نێوخۆن و 243 هەزاریان پەنابەرانی سووریان، 8 هەزار و 500 یان پەنابەرانی تورکیان و 10 هەزار و 800 یان پەنابەرانی ئێرانین و 700یشیان پەنابەرانی فەلەستینین".
سەبارەت بە هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، هۆشەنگ محەممەد گوتی: " هاوکارییەکان بەردەوامن، بەڵام بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو رێژەیەکی بەرچاو کۆمەکی دارایی لەلایەن وڵاتە کۆمەکبەخشەکان بۆ عێراق کەمبووەتەوە، هاوکارییەکان هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراق کەمبوونەتەوە".
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژە بە بڕی کەمبوونەوەی ئەو پاڵپشتییە داراییانە دەکات کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا کەمبوونەتەوە و دەڵێت: "لە پێنج ساڵی رابردوو نزیکەی حەوت ملیار دۆلار وەکو کۆمەکی دارایی لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخشەوە پێشکەش بە عێراق کراوە، بەڵام ساڵانە ئەو هاوکارییە داراییە کەمبووەتەوە".
دەشڵێت "لە ساڵی 2015 برێ ملیارێک 90 ملیۆن پێشکەش بە عێراق کراوە، لە ساڵی 2016 ملیارێک 800 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2017وە کەمبووەتەوە بووە بە ملیارێک 740 ملیۆن دینار، لە ساڵی 2018 بووەتە ملیارێک 140 ملیۆن، ساڵی 2019 بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە بۆ 952 ملیۆن، ئەمساڵیش لەسەر داوای وڵاتانی کۆمەکبەخش داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە ئەو بڕە دابەزێنن بۆ 500 ملیۆن دۆلار، ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت بە تایبەتی لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی فیدراڵ لەدوای راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زۆربەی ئەو بودجەیەی بۆ پاڵپشتی ئاوارەکانی نێوخۆ تەرخانکرابوو لە بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕدرا".
بە گوتەی هۆشەنگ محەممەد، سەرەڕای کەمبوونەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان "لە ساڵانی 2018 و 2019 حکومەتی عێراق هیچ پاڵپشتییەکی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نەکردووە، تاکە پاڵپشتی لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بووە، یان ئەو پاڵپشتییە راستەوخۆیانەی لەلایەن رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەشکراوە، کە ئەمەش کۆی پێداویستییەکان دابین ناکات. ئەو پرۆژانەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشی دەکات 25%ی پێداویستییەکان دابیندەکات و 5%یش لەلایەن رێکخراو و ئاژانسەکانەوە دابیندەکرێت، 70% بۆشایی ماوەتەوە کەوتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژە بەوە دەدات، "جیا لەو 30%ـەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاڵپشتی ئاوارە و پەنابەران دەکرێت، 70%ی کەوتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئاوارەکان رۆژانە پێویستی بە بە دوو ملیۆن دۆلار 700 هەزار دۆلار هەیە، بۆ ئەوەی کەمترین ستانداردی بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکات، بەو پێیەی هەر ئاوارەیەک رۆژانە پێویستی بە دوو دۆلار و 60 سەنتە، کە مانگانە دەکاتە 81 ملیۆن دۆلار و ساڵانە دەکاتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئاوارانەی جارێکی دیکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، هۆشەنگ محەممەد گوتی: "پرۆسەی گەڕانەوە راوەستاوە، ساڵی رابردوو کۆی گشتی ئاوارە و پەنابەر کە هەرێمی کوردستانیان جێهێشتبوو، ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و ژمارەیەکی دیکە بۆ وڵاتانی سێیەم کۆچیان کردووە، 15 هەزار کەس بووە، کە 1500 یان پەنابەر بوونە، ئەوەی دیکە ئاوارەی نێوخۆ بووە، لە بەرامبەردا 29 هەزار ئاوارەو پەنابەر رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەو ژمارەیە نۆ هەزاریان ئاوارەی نێوخۆن، کە بۆ جاری دووەم ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، سەرووی 20 هەزاریشیان پەنابەرانی سووریان کە بەهۆی هێرشەکانی مانگی 10ی ساڵی 2019 بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بوونەو هاتنیشیان تاوەکو ئێستا بەردەوامە".