ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سێمالکا دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 40 رۆژ لە داخستنی جمووجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەردوو دەروازەی سنوریی سێمالکا و وەلید دەستی پێکردەوە. لە رۆژی یەکەمدا 15 کەس گەڕانەوە رۆژئاوای کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان گیریانخواردبوو.
لەگەڵ کردنەوەی دەروازەکە بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتیان و بازرگانیدا، نزیکەی 80 بارهەڵگر لە سڕەدابوون بۆ گەیاندنی بارەکانیان بە رۆژئاوای کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی کە ماوەیەکە لە هەردوولا گیریانخواردبوو بەشێکیان گەڕانەوە و بەشێکیان هێشتا رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە.
عیمران خەیری، شوفێرە و دەڵێت، "لە 10ـی مانگەوە بارمانکردووە، بارەکەی من چیمەنتۆیە و لە کۆمپانیای کار بارمکردووە، باش بوو دەروازەکە کرایەوە بۆ ئەوەی بارەکەمان ببەینە رۆژئاوای کوردستان."
رەمەزان محەممەد، شوفێری بارهەڵگرە و گوتی. "لە 19ـی مانگەوە بارمانکردووە و تازە ئەمڕۆ دەروازەکە بەڕووماندا کرایەوە، ئیدی بارەکانمان دەبەینە سووریا و رۆژئاوای کوردستان."
سەعید حەمید، شوفێریکی دیکەی بارهەڵگرە و ماوەیەکە بەهۆی داخرانی دەروازەکەوە لە سنوور ماوەتەوە، باس لەوە دەکات، "داخستنی ئەو دەروازەیە زیانێکی زۆری بە خەڵک و حکومەت گەیاندووە، زیانی لە هەموو کەسێک داوە، شوفێر، فیتەر، کرێکار و تەنانەت گاز فرۆشەکانیش."
هەردوولای دەروازە سنوورییەکە لەسەر ئەوە رێککەوتبوون کە هاتووچۆی بازرگانی و مەدەنیی بە تەواوەتی ئاسایی بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئەوە نەهاتووە کە بە تەواوی ئاسایی بکرێتەوە، سوبحی ئەحمەد و هاوڕیکانی 20 رۆژ لە هەولێر چاوەڕێی کردنەوەی سنوورەکە بوون، ئەوان بە پاسپۆرت و بەشێوەی فەرمی هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بەڵام رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە سووریا.
سوبحی ئەحمەد، خەڵکی سووریایە و ئاماژە بەوە دەکات، "ماوەی بیست رۆژە ئێمە لێرە لە هۆتێل دانیشتووین، تاوەکو ئێستاش هەروایە نازانین رۆژێک و دووان و سیان یان چەندی پێدەچێت، دەبینین هەمووان دەپەڕنەوە و ئێمەش لێرە دانیشتووین."
رۆژی 15ـی کانوونی یەکەمی 2021، ژمارەیەک لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستان بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی پێشابوور کە کورد بوون و زیانی ماددی بەر چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت و شەش کارمەندی دەروازەکە برینداربوون، هەر ئەو رۆژە ئەو دەروازەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داخرا.