قوتابخانەی هەندێ لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی بەفرەوە داخران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر، قوتابخانەی شارەکانی هەندێ لە شار و ناوچەکانی ئەم پارێزگایە دادەخرێن.
بەپێی راگەیێندراوی بەشی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، قوتابخانەی شارەکانی ماکۆ، شوت، پۆلدەشت و چاڵدێران، کە لە ناوچەکانی باکووری ئەم پارێزگایەدا هەڵکەوتوون، لە دانی بەیانیدا داخراون.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ پێشبینی کردووە، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ناوچە جیاوازەکانی ورمێ بەفر و باران ببارن و پلەی گەرما بۆ 6 تاوەکو 10 پلەی سیلیزی دابەزێت.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ، دۆخی هەوای پارێزگاکەی لە ئاستی پرتەقاڵییدا راگەیاندووە و دەڵێت، ئەگەری هەیە زەرەر و زیانی زۆری لێبکەوێتەوە، بۆیە داوا لە شۆفێرەکان کراوە لە هاتووچۆی ناپێویست خۆبپارێزن و لە نێو شارەکانیشدا بە خۆپارێزییەوە هاتووچۆ بکەن.
لە ناوچەکانی هەورامان لە پارێزگای کرماشانیش، بەفری زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان باریوە و هاتووچۆ لە رێگاکانی ئەو ناوچانەدا تووشی ئاستەنگی بووە.
کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، ئەم شەپۆلەی کەشوهەوا تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و رۆژی هەینی بارینی باران کەم دەبێتەوە، بەڵام لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی دیکەی ساردتر و بەفر و باران دەستپێدەکاتەوە.
لە پارێزگای سنەش تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە دۆخی هەوا ناسەقامگیر دەبێت و بەفر و باران دەبارێت.