بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: کۆبانێ لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی راستەقینەدایە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بانگەوازێکی بەپەلە و نائاسایی ئاراستەی گەلانی ناوچەکە و رای گشتیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی شاری کۆبانی بەهۆی "گەمارۆیەکی خنکێنەرەوە" گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە کە هەڕەشە لە ژیانی سەدان هەزار مەدەنی بێتاوان دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هاتووە، کۆبانی سیمبووڵی بەرخودان و خۆڕاگرییە و ناوەکەی لە یادەوەری سوورییەکان و جیهاندا هەڵکۆڵراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو قوربانییە گەورانەی لەپێناو بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی دژی تیرۆر پێشکێشی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "کۆبانی هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لە بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە رێڕەوی شەڕی دژی تووندڕۆیی گۆڕی."
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە "بەئامانجگرتنی ئێستای کۆبانی، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزموونی دیموکراتییە لە ناوچەکەدا."
داواکارییەکان بۆ چارەسەری دەستبەجێ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لە "پێویستیی هەرە لەپێش" دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و دەستبەجێ، لەوانەش کردنەوەی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان، دابینکردنی چارەسەر بۆ برینداران و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتووانە گەمارۆدراوەکە، بێ ئەوەی هیچ مەرج و کۆتوبەندێک دابنرێت.
بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە راگەیێندراوەکەدا بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی خراوەتە سەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم رێکخراوە مرۆیی و مافپەروەرەکان، تاوەکو دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە، کە "هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن و مەینەتییە مرۆییەکان قووڵتر دەکەنەوە."
ستایشی بەرخودانی حەسەکە و جەزیرە
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ستایشی "بەرخودانی میللیی پاڵەوانانە"ی دانیشتووانی حەسەکە و تەواوی ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە دەکات و سڵاو بۆ یەکڕیزی و خۆڕاگرییان بەرامبەر هێرشەکان دەنێرێت. رایگەیاندووە، "ئەم هەڵوێستە نیشانەی هۆشیاریی گەل و پێداگرییانە لەسەر پاراستنی خاک و پڕۆژە دیموکراتییەکەیان."
بانگەواز بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگری
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە خەڵک کراوە ئاستی بەرخودانی میللیی رەوا بەرز بکەنەوە و هەموو وزەکان کۆبکەنەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان کە بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتوون، تاوەکو داهاتووی نەوەکانی داهاتوو لە ئازادی و کەرامەت و پێکەوەژیاندا بپارێزرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات و دەڵێت: "بێدەنگی بەرامبەر ئەوەی روودەدات هاوکارییە لە تاوانەکەدا، دەستوەردانی بەپەلەی ئەمڕۆش بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە و نابێ دوابخرێت."