134 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە ئاوارە بوون؛ "چیتان لە کورد دەوێت؟"
رووداو دیجیتاڵ
مووریک، ژنێکی تەمەن 60 ساڵانە و دڵی پڕە لە ئازار؛ ئەو 4 ساڵ لەمەوبەر کوڕێکی شەهید بووە، ئێستاش لەگەڵ خێزانە 6 کەسییەکەی بۆ جاری سێیەم ئاوارە بووەتەوە. ماوەی 7 رۆژە لە ژوورێکی بچووکی قوتابخانەیەکدا لە قامشلۆ نیشتەجێ بوون و چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیار دەکەن.
مووریک باسی ئاوارەبوونەکەی دەکات، "ئێمە لە عەفرین بووین، دەزانی چی بەسەر عەفرین دا هات، لە عەفرین هاتینە شەهبا و لەوێ هاتینە رەققە، لە سەختییەکی زۆر دا بووین، دووژمن چی لە ئێمە دەوێت؟ ئێمە کوردین، چیت لە کورد دەوێت؟ دەتەوێ کورد بکوژی، کچیان کوشت، بچووک و گەورەیان کوشت و هەموو گەنجەکانیان کوشت، چیت لە کورد دەوێت؟"
مووریک دەڵێت، "سێ رۆژە منداڵەکانمان لەسەر زەوی دەخەون، نە پارە نە هیچ شتێکمان نییە، چیتان لە کورد دەوێت؟"
دنیای رووناکی ئەحمەد لەمێژە تاریک بووە؛ ساڵی 2017 بەهۆی بۆردوومانێکی لەناکاوەوە، دەماری چاوەکانی زیانیان پێگەیشت و بینایی لەدەستدا. ئەو تەنیا چاوەڕێی ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتەکەی دەکات، بەڵام شەڕ و ئاوارەیی بەرۆکی بەرنادەن.
ئەحمەد محەممەد ئاوارەبووە و دەڵێت، "لە ساڵی 2017ـەوە کۆچبەری عەفرینم، ئێمە هاتینە شەهیبا و 7 ساڵ لەژێر چادر ژیاین، زۆر سەخت بوو و گەرما و سەرمامان بینی. دواتر لەوێش دەرچووین بۆ رەققە، لەوێش هێرشیان کردینە سەر و لەوێش هەڵاتین و دوو کچی جیرانمان مردن. یەکێکیان 6 مانگ و یەکێکی دیکەیان دوو ساڵی بوو".
لە قامشلۆ زۆربەی قوتابخانەکان تەرخان کراون بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان. لە یەکێک لەو قوتابخانانەدا 63 خێزان دەژین کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن. نەبوونی ئاوی خواردنەوە وای لێکردوون پەنا بۆ تواندنەوەی بەفر ببەن، هاوکات بەدەست کەمیی خۆراک و جلی گەرمەوە دەناڵێنن.
بەپێی ئامارەکان، بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریاوە تاوەکو ئێستا 134 هەزار هاونیشتمانی ئاوارە بوون و لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.