لە هەولێر مەیموونێک دوای سەرخۆشکردنی ئەشکەنجە دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزیی کوردستان دەڵێت، چارەسەری مەیموونێک دەکەن کە گوایە لە لایەن خاوەنەکەیەوە لە شاری هەولێر سەرخۆشکراوە و لێی دراوە. دەشڵێت: "بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی سکاڵای لەسەر تۆماربکەین."
 
رۆژی هەینی، 24-2-2023، فەرمان فازل، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەش رۆژ لەمەوبەر، کەسێک ئەو مەیموونەی لەبەردەم نۆرێنگەی ڤێتێرنەریی یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوەکەمان جێهێشتووە. دیارە خاوەنی مەیموونەکە خواردنەوەی کحولی خواردووەتەوە و سەرخۆش بووە و دواتر خواردنەوەی بە مەیموونەکە داوە و سەرخۆشی کردووە؛ دواتریش لێ داوە و بە زەوییدا کێشاوە."
 
لە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان نییە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسایەک تایبەت بەو بوارە کردووە. رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ئاژەڵانیش گلەیی زۆریان لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر مافی ئاژەڵان هەیە.
 
فەرمان فازل گوتی: "ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە خاوەنی مەیموونەکەیە. ئێستا لە هەوڵداین بیدۆزینەوە بۆئەوەی سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین، بەهۆی ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ ئاژەڵدا."
 
سەرۆکی رێکخراوەکەی تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان سەبارەت بە دۆخی مەیموونەکە گوتی: "دۆخی تەندروستیی خراپە. بەهۆی سەرخۆشکردنی و دواتر لێدانییەوە زیانی زۆر بەر جەستەی کەوتووە و لەژێر چاودێریی چڕی 24 کاژێرییدایە؛ باری تەندروستیی ناجێگیرە و تەنیا چەند جارێکی کەم چاوەکانی کردووەتەوە. چاوەکانی سووربوونەتەوە، مل و دەست و قاچ و ئەندامانی دیکەی ئازاری زۆریان پێگەیشتووە."
 
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی دەست و قاچی چەند سەگێکیان قرتاند. رۆژی چوارشەممە، 22-02-2023، بەختیار حوسێن، شاهێدحاڵێکی رووداوەکە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "شەوی رابردوو دوو پیاو هاتن و دەست و قاچی هەشت تووتکە سەگیان بڕیەوە."