دایکی فەرهاد حەمۆ دوای 10 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی: سەربەرزم، دەنگی میللـەتی خۆی دەگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی دەنگێک کە لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە رووماڵی دەکرد، هەر بە گەنجیی لە دایک و خێزانەکەی دابڕێندرا، ئەو کەسە فەرهاد حەمۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوە کە هێشتا 25ـەمین مۆمی تەمەنی نەکوژاندبووەوە؛ ناڕەوا گیراو و شوێن بزرکرا.
فەرهاد حەمۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان؛ گەنجێکی پڕ هیوا بوو، کە هەر زوو هیواکانی کوژێندرانەوە.
دوای هەشت مانگ و دوو هەفتە لە کارکردن لە رووداو، فەرهاد حەمۆی پەیامنێر و مەسعود عەقیلی وێنەگری لە 15ـی کانوونی دووەمی 2014 لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان قامشلۆ تەلکۆچەر؛ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکران.
وردەکاریی دەستگیرکردنەکەیان لە کورتە فیلمێكدا خرایەڕوو. هەر لە دەستگیرکردنیان؛ تاوەکو لێپێچینەوە و ئەشکەنجەدانیان، زانیارییەکان لەسەر زاری وێنەگرەکەی ئاشکراکران، کە دوای زیاتر لە 20 مانگ لە دەستگیرکردنی، ئازادکرا و بە خێزان و کەسوکاری شادبووەوە، بەڵام فەرهاد لەوکاتەوە بێسەروشوێنە.
تەنیا وێنە ئاوێزانبووەکانیەتی لەسەر دیواری ماڵەکەیان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمێک ئۆقرە بە دڵی دایکی دەدەن. دایكێكی بە ورە کە 10 ساڵە چاوەڕێی بینینەوەی جگەرگۆشەکەیەتی.
ئیلهام ئەحمەد، دایکی فەرهاد حەمۆ لەبارەی کوڕەکەیەوە دەڵێ "10 ساڵە شوێنبزرە؛ ون بووە؛ داعش رفاندیان. هەتاوەکو ئەو کاتەی داعش لە ناوچەکە بوو، هیوامان زۆر بوو کە بە دیلی لەدەستی داعشە، دوای شەڕی باغۆز لە 2019 و تائێستاش هیچ هەواڵێک بەدەستی ئێمە نەگەیشتووە، نازانین فەرهاد ماوە، شەهید بووە، یان چی بەسەر هاتووە."
فەرهاد حەمۆ وەک یەکێک لە چالاکترین پەیامنێرانی ناوچەکە کاری دەکرد و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، ئەو لە رێگەی رووداوەوە بووە سەرچاوەیەکی گرنگ و باوەڕپێکراو بۆ گواستنەوەی راستییەکان.
دایکی فەرهاد حەمۆ سەربەرزە بە کارەکانی کوڕەکەی و دەڵێ "شانازی بە فەرهادەوە دەکەم، سەرمان پێی بەرزە؛ ئەو بۆ هۆکارێکی باش ونبوو، بۆ ئەوەی دەنگ و ئازاری میللـەتی خۆی بگەیەنێتە جیهان. من، سەرم بە فەرهاد بڵندە، شانازیی پێوە دەکەم."
فەرهاد چێژی لە گەنجیێتی نەدی؛ ئەو دوای کەمتر لە سێ مانگ لە هاوسەرگیریکردن؛ هاوژینە گەنجەکەی لەدوای خۆی بەجێهێشت، لەگەڵ دایکێكی جگەرسووتاو کە خەیاڵی لەگەڵ یادەوەرییە هەمیشە زیندووەکانی کوڕە شیرینەکەیدا، لە ژوورە چۆڵەکانی ماڵەکەیدا باڵ دەگرێت.