کەشناسیی ئێران: شەپۆلێکی هەوای سارد و بەفر و باران بەڕێوەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی راپۆرتی کەشناسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەمڕۆ شەممەوە شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان دەگرێتەوە.
 
رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، دابەزینی پلەی گەرما و بارینی بەفر و باران بۆ هاتووچۆی وشکانی، ئاسمانی و هێڵی ئاسن کێشە دروست دەکات.
 
کەشناسیی پارێزگای ئیلام بڵاویکردەوە، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران ئەم پارێزگایە دەگرێتەوە، کە لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەفر دەبارێت و پلەی گەرماش دادەبەزێت و لە ناوچەکانی دیکەش باران و هەورەبروسکە دەبێت.
 
کەشناسیی پارێزگای لوڕستانیش رایگەیاندووە، رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران روو لەم پارێزگایە دەکات و رۆژی یەکشەممە بارینی بەفر و باران چڕتر دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان، ئەم شەپۆلە هەوایە هەندێ مەترسی دروست دەکات، لەوانە خلیسکبوونی رێگاکان، کێشە لە هاتووچۆ، لافاو، باو و بۆران و کڕێوە و هەروەها ئەگەری هەیە بای تووند تابلۆکان بخات.
 
کەشناسیی لوڕستان داوای لە هاونیشتمانییان کردووە، لە قەراخ و رۆخی رووبارەکاندا رانەوەستن، لە قەراخ رووبار و چۆمەکاندا بە وریاییەوە هاتووچۆ بکەن، خەڵک بۆ شاخەوانیی نەچن، دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن و رێوشوێنی خۆپارێزیی دیکەش بگرنە بەر.
 
پێشتر کەشناسیی پارێزگای کرماشانیش پێشبینی کردبوو، رۆژی شەممە تاوەکو کۆتایی یەکشەممە پلەی گەرما دادەبەزێت و کەم و زۆر باران دەبارێت.
 
رێکخراوی کەشناسیی ئێران باسی لەوە کردووە، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران و دابەزینی پلەی گەرما بەشێک لە پارێزگاکانی دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و ئەم شەپۆلە لە بوارەکانی گواستنەوەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیدا کێشە و گرفت دروست دەکات.
 
بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، بەفر و باران دەبارێت، بای خێرا دێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و لە هەندێ ناوچە تەرزە و باو بۆران و کڕێوە دەبێت.