بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ تۆم باراک: دۆخی ئێستا پێویستی بە یەکدەنگیی کورد هەیە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد. بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی کردەوە، یەکێتی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ لە بەغدا و دۆخی ئێستاش پێویستی بە یەکدەنگیی کورد هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
 
دیدارەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، بەڕێوەچوو.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە كۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و جۆشوا هاريس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ عێراق ئامادەی بوون، "دۆخی هەنووکەیی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران".
 
سەبارەت بە کابینەی نوێ، راگەیێندراوەکە دەڵێت: "پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەوەرێکی سەرەکی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەرەوپێشچوون لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی رێگرن لە پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا". هەروەها هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە "پێویستە عێراق وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو، خاوەن سەروەری و سەربەخۆ بمێنێتەوە".
 
"یەکێتی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ لە بەغدا بۆ دڵنیابوون لەوەی داهاتووی وڵات بە جۆرێک بێت کە باشترین خزمەت بە سەرجەم گەلانی عێراق بکات"، راگەیێندراوەکە وا دەڵێت.
 
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی یەکلاییکردنەوەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و تیشکیان خستەسەر ئەوەی کە دۆخی ئێستا پێویستی بە یەکدەنگیی کورد هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا".