بافڵ تاڵەبانی بۆ مەزڵووم عەبدی: لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هەسەدە کرد و رایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبن تاوەکو دڵنیاببنەوە لە سووریا مافی هەمووان دەدرێت. دواتریش بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کۆبووەوە.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی، رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، لە دەباشان کۆبوونەوە. قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە "دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد".
 
بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووکی خۆی وێنەی کۆبوونەوەکە و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی باسی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریای خستەڕوو". هاوکات فەرماندەی گشتیی هەسەدە "سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
 
لەبارەی داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی یەکێتی گوتوویەتی: "لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین تاوەکو دڵنیاببینەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک کە هەمووان ماف و نوێنەرایەتیی خۆیان تێیدا دەبێت و حکومەتەکەشی دەرخەری هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی سووریا بێت".

 

 
دواتر بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026ـی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و لابردنی هەر بەربەستێک لەبەردەمیدا" کراوەتەوە.

 

 
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە کە پێویستە سووریا رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت و کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی سووریا تاوەکو ببێتە وڵاتێکی بنیاتنەر لە ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا".

 

 
هاوکات قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووکی خۆی وێنەی کۆبوونەوەکە و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکا هاوکاربێت لە گەرەنتیکردن و دابینکردنی مافەکانی کورد لە سوریایەکی دیموکراتی دا".