پیاوێک لە هەولێر گورچیلەیەکی هەیە و لەگەڵ کچە منداڵەکەی لە دووکانێکی تەواو نەکراودا دەژین


رووداو دیجیتاڵ
 
نەوزاد رەشید، پیاوێکی 40 ساڵانە و لەگەڵ هەناسە، کچە 5 ساڵییەکەی، لە دووکانێکی تەواونەکراوی هەولێر دەژین. بەهۆی نەشتەرگەرییەوە 'جەستەی بە 80 تەقەڵ' دووراوەتەوە، ناتوانێت کاری قورس بکات و لە شەقامەکان دەمێننەوە.
 
نەوزاد لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بە گریانەوە باسی دۆخی ژیانی خۆی و کچەکەی کرد و گوتی: " ئاسن کۆدەکەمەوە و دەیفرۆشم، کیلۆی بە 300 دینار. پێشتر لەنێو دووکان و کەلاوەکانی دیکەی شار بووم، ئێستا لە پێش رەمەزانەوە ئەم دووکانەم پاک کردووەتەوە و لەنێویدا دەژیم و هەر لەنێو ئەم دووکانە دەخۆین، دەخەوین و خۆمان دەشۆین. سەگی بێلانەی زۆر لەم شوێنە هەن، کچەکەم دەترسێت."
 
باوکی هەناسە دەڵێ کە دوو هاوژینی هەبووە؛ یەکەمیان نەخۆشیی دەروونیی هەبووە و چوار ساڵە دیار نییە: "ژنەکەم ناوی نەرمین کەریمە، کاتێک لە کۆیە بووین، لە کچەکەمی دا و رۆیشت. گوتیان لە سلێمانییە، بەڵام کە چووم، گوتیان نایەوێت بتبینێت". هاوژینی دووەمیشی، کە ژنێکی عەرەب بووە، دوای ماوەیەک لە مانەوە لەگەڵی رۆیشتووە و نەگەڕاوەتەوە.

نەوزاد و کچەکەی زستانی رابردوویان لەنێو خێوەت و کەلاوەکاندا بەڕێکردووە و دەڵێت: "خۆمان بە ئاوی سارد دەشۆین و دراوسێکان خواردنمان بۆ دەهێنن. پێویستمان بە شوێنێکە بۆ حەوانەوە، دەمەوێت کچەکەم بچێتە قوتابخانە".
 
هەناسەی 5 ساڵان، کە بەردەوام لەگەڵ باوکیدایە و تاقانەیە، دەڵێت، "باوکم گوناحە، کاری کۆکردنەوەی ئاسن دەکات و منیش یارمەتیی دەدەم".
 
خوشک و براکانی نەوزاد، ئاگاداری دۆخی خراپی ژیانی ئەون، بەڵام دەڵێن ئەوانیش کەمدەرامەتن و ناتوانن وەک پێویست هاوکاری بکەن.
 
رەئووف رەشید، برای نەوزاد، بە رووداوی گوت: "دۆخی من لە هی ئەو خراپترە، 6 منداڵم هەیە و بە فرۆشتنی وردەنان بەخێویان دەکەم. پێم گوتووە وەرە لام، نانێک هەبوو پێکەوە دەیخۆین، بەڵام ئەو'نەوزاد' دەڵێت، نامەوێ ببمە باری گران لەسەرت". 
 
فاتمە رەشید، خوشکی نەوزاد، بە رووداوی گوت: "ئەو داماوە ژنی لای نەماوە. زستانی سارد لە کەپرێکدا بوو کە بەفر بەسەریدا رووخا. منیش حاڵم خراپە و سەلاجەکەم فرۆشتووە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بکەم".
 
سەبارەت بە چارەنووسی هاوژینی یەکەمی نەوزاد، راز فریا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: "نەرمین کەریم لە شێڵتەری سلێمانی نییە و لە هیچ کام لە نووسینگەکانی سنووری ئێمە ناوی تۆمارنەکراوە".
 
دوای ئەوەی رووداو چیرۆکی نەوزادی بڵاوکردەوە، چەندین خێرخواز ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی دەربڕی. خێرخوازێک لە ئەورووپاوە بە رووداوی گوت، بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری بۆ کرێی ساڵێکی خانووی نەوزاد بەخشی؛ هاوکات خێرخوازێکی دیکە بڕی 200 دۆلاری پێ بەخشی.
 
سەنتەرێکی ئۆتیزمیش لە گەڕەکی موفتی ئامادەیی دەربڕی کە بۆ مانگێک، رۆژانە هەناسەی کچی لای خۆیان بهێڵنەوە و 100 هەزار دیناریشی پێ بدەن، بەڵام نەوزاد دەڵێت، "کچەکەم ناتوانێت لە من دووربکەوێتەوە".
 
نەوزاد، بەتەمەن گەنجە و بە شێوە پیر و چرچی رووخساری داپۆشیوە. ئەو پێویستی بە هەلی کارێکی گونجاوە کە شیاو بێت لە ئاستی تەندروستیی خۆی و دەڵێت: "زستانی ئەم ساڵم لەسەر زۆربەی شەقامەکانی شار بەڕێکرد. پێویستمان بە لانەیەکە تێیدا بحەسێینەوە و کچەکەم بنێرمە خوێندن."