رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە تەرمی د.کەمال مەزهەر، نووسەر و مێژوونووسی کورد رایگەیاند، خۆشەویستی د.کەمال مەزهەر بۆ کورد و کوردستان وایکرد کە هەرگیز نەچووە چوارچێوەی چاوپۆشین لە هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی کورد و سەرکردەکانی، بەڵام هەرگیز بۆ جارێکیش پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی لە ئاست دۆزی رەوای کورددا نەکرد و پەیوەندی خۆی بە خەباتی رەوای میللەتەکەی نەپساند. دەشڵێت: د. کەمال مەزهەر وەک ناوێکی درەوشاوە دەمێنێتەوە.
بەوپێیەی د.کەمال مەزهەر لە دایکبووی شاری کەرکووک بوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی: "کەرکووکی بوون ئاسان نییە، چونکە بەداخەوە کەرکووکی بوون بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو بۆ کوردی کەرکووک واتە ژیانێکی سەخت و هەست نەکردن بە ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نکۆڵیکردن لە ماف و هەبوونت لەسەر خاک و زێدی رەسەنی خۆت".
شەوی رابردوو تەرمی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکرا و دواتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-03-2021 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ کرا. لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشكێشکرد.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە تەرمی د.کەمال مەزهەر، نووسەر و مێژوونووسی کورد.
بەڕێز عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق و نوێنەری بەڕێز سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی
بەڕێز نوێنەری سەرۆککۆمار
ئامادەبووانی بەڕێز، نووسەران و رۆشنبیرانی خۆشەویست
خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری، هاوسەری خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر
بنەماڵەو کەسوکاری بەڕێزیان
بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د.کەمال مەزهەر، ئەو مێژوونووسە گەورەیەی کە زۆر لێکۆڵینەوەی ورد و بەهاداری لەسەر مێژووی گەلی کورد و ناوچەکە نووسیوە. لەبەر ئەوەش مافی خۆی بوو لە کاتی کە لە ژیاندابوو ئێستاو لە داهاتووشدا رێزی لێبگیرێت، سوپاستان دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمان بەشدارن.
د.کەمال مەزهەر لە دایکبووی کەرکووکە، کەرکووکی بوون ئاسان نییە، چونکە بەداخەوە کەرکووکی بوون بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو بۆ کوردی کەرکووک واتە ژیانێکی سەخت و هەست نەکردن بە ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نکۆڵیکردن لە ماف و هەبوونت لەسەر خاک و زێدی رەسەنی خۆت.
د.کەمال مەزهەر لە کتێبەکەیدا (كركوك وتوابعها) ئەوەی بە شارەکەی کراوە راستییەکانی مێژووی کەرکووکی بە بەڵگەوە روونکردووەتەوە.
د.کەمال مەزهەر زانایەک بوو لە بواری مێژووی کوردستان و ناوچەکدا، زەحمەتێکی زۆری کێشاوە و شەونخونییەکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی راستییەکانی مێژووی کورد و کوردستان و ناوچەکە لە هەزاران بەڵگەنامەدا دەربهێنێت و رووداوەکان پێکەوە گرێبدات و مێژووی کوردستان رۆشن بکاتەوە.
ئەو مرۆڤە ماندوو و بەرهەمدارەی ئەمڕۆ هەموومان بۆ رێزگرتنی لێرەدا کۆبووینەتەوە، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوە و کتێبە لەسەر مێژووی کوردستان، سەرپەرشتی سەتان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە بواری مێژوودا کردووە و لە زانکۆکانی عێراق وانەی داوەتە هەزاران قوتابی.
د.کەمال مەزهەر مێژوونووسێکە هەمیشە لە هەوڵی ساخکردنەوەی پەیوەندی گەلان و میللەتاندا بووە، دەیویست ئەوە بسەلمێنێت کە گەلان پێکەوە ئاشتەوان و کێشەیان لەگەڵ یەکتردا نییە هێندەی ئەوەی حکومەتەکان و سیاسەتی هەڵەیان کێشە بۆ میللەتەکان دروست دەکەن.
وەک زانایەکی کورد ویستی مێژوو وەک بوارێکی زانستی بکاتە پردێکی پەیوەندی لەنێوان گەلانی ناوچەکەداو رەگ و ریشەی پێکەوەژیان و دراوسێیەتی ئەو گەلانە بکاتە پێوەر بۆ پێویستی گەلان بە یەکتر، نەک ئەو ململانێ سیاسییەی گەلانی ناوچەکەی لەیەک دوور دەخستەوە و لە یەکتری دەکردن بە دووژمن.
توانای زانستی و مێژوویی لە کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی ئەکادیمی بسلەمێنێت و خۆی لە گێڕانەوەی بێبنەما و سەرچاوەی باوەڕپێنەکراو بپارێزێت و مێژوو وەک زانستێکی جێگەی متمانە بۆ گەیشتن بە راستی رووداوەکان بسەلمێنێت، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ مێژوو ئینجا بۆ گەلان و نەتەوەکان. تاوەکو خۆیان لە بڕیاری پێشوەختە بپارێزن و گێڕانەوەی ئاسایی نەکەنە پێوەر بۆ حکومدان بەسەر یەکتردا.
خۆشەویستی د.کەمال مەزهەر بۆ کورد و کوردستان وایکرد کە هەرگیز نەچووە چوارچێوەی چاوپۆشین لە هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی کورد و سەرکردەکانی، بەڵام هەرگیز بۆ جارێکیش پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی لە ئاست دۆزی رەوای کورددا نەکرد و پەیوەندی خۆی بە خەباتی رەوای میللەتەکەی نەپساند.
لە بواری بزاڤی کۆمەڵایەتیشدا ئەو کاتێک کە قسەی لەسەر ئافرەت لە مێژوودا کرد، هێشتا بزووتنەوەی ژنان لە دونیادا ساوابوو بە تایبەتی لە کوردستان. ئەو ژنانی وەک پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتی دەبینی و باسی لە رۆڵ و پێگە و گرنگیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد، جگە لەوەی بەرپەرچی هەر بۆچوونێکی کۆنەخوازانەی دەربارەی ژنان دەدایەوە، ئاواش زەمینەسازیکرد بۆ ئەوەی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردستاندا رێزلێگیراوانە تەماشا بکرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز...
کورد و گەلی کوردستان بەگشتی لەژێر چەوسانەوەیەکی هەمەلایەنەدا بووە، لەگەڵ تێکدان و وێرانکردنی کوردستان مێژووی کوردستانیش زۆر شێوێندراوە و ونکراوە.
پێشمەرگە بە گیان و ژیانی خۆی گەلی کوردستانی لە نەمان پاراستووە، رۆشنبیران و نووسەران و زانیایانی کوردیش سەختی و ناخۆشی یەکجار زۆریان چەشتووە بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کورد و تۆمارکردن و ساخکردنەوەی مێژووی کوردستان، لەبەر ئەوەش رۆشنبیران و نووسەرانی کورد کە بە قەڵەم و وشە خزمەتی گەل و وڵاتیان کرد، شایەنی رێزگرتنێکی تایبەتین.
رۆشنبیران و نووسەرانی کورد بە درێژایی مێژووی شۆڕشەکانی کوردستان هێندەی دەزگای زۆر گەورەی دەوڵەتی و نیشتمانی رۆڵیان گێڕاوە بۆ هۆشیارکردنەوە و پاراستنی زمان و رۆشنبیری کوردی، بە ئیمکانیاتی زۆر کەم ئەوەیان کردووە، بەڵام چونکە دڵسۆزی و باوەڕ و توانایان زۆر بووە توانیویانە ئەوە بکەن سەرەڕای هەموو رێگرییەکان و کەمی ئیمکانیات هەمیشە بزووتنەوەی رۆشنبیری کوردستان کاراو کتێبخانەی کوردی ئاوەدان بووە.
دوای ساڵی 2003 د.کەمال مەزهەر دەیویست لە شوێنێکی ئارام بەردەوامبێت لە لێکۆڵینەوە، بۆیە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەکمان بۆی کرد تاوەکو ئەرشیف و کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی بهێنێتە هەولێر، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی دەرفەتی نەدا کە هەموو ئەوەی کە خۆی دەیویست و مەبەستی بوو تەواوی بکات.
ئێمە لێرە بۆ دوایینجار ماڵئاوایی لەم زانا و مێژوونووسە گەورەیەی کورد دەکەین کە کار بۆ بەرهەمەکانی مایەی شانازین بە خزمەتی بەرچاوی چەندین ساڵەی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق وەک ناوێکی دیار و درەوشاوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، نەوەکانی داهاتووش بە تەئکید سوود لە بەرهەمەکانی وەردەگرن. گەلی کوردستان و نوخبە و ناوەندە ئەکادیمییەکانیش لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی هەمیشە شانازی پێوە دەکەن.
زۆر سوپاسی ئەکادیمیای کوردی دەکەم بۆ سازدانی ئەو رێوڕەسمە. گیانی د.کەمال مەزهەر شاد بێت و سەرەخۆشی لە خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری، هاوسەری و هەموو بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم و هەروەها سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان و گەلی عێراق دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ