تونجەر باکرهان هێرشەکەی سەر پێشمەرگە شەرمەزار دەکات؛ دڵمان لەلای هەولێرە
رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: "دڵمان لەلای هەولێرە."
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
"دڵمان لەلای هەولێرە"
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەربارەی هێرشەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هێرشەکەی بە توندی شەرمەزار کرد و گوتی: "بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەیەکی سەر بە هەولێر، هێرش کرایە سەر یەکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە. من بە توندی ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەم. داوای رەحمەت و بەزەیی لە خودا بۆ ئەو پێشمەرگانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە، سەرەخۆشی لە گەلی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەکانیان دەکەم. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم."
"قبووڵی ناکەین کورد ببێتە بەشێک لە جەنگ"
باکرهان تیشکی خستە سەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە و رایگەیاند: "ئەم هێرشە بەشێکە لە پلانێکی فراوان کە ئامانج لێی راکێشانی خاکی کوردستانە بۆ ناو جەنگێکی ناوچەیی. هەڵوێست وەرگرتن لە دژی ئەم هێرشە چەپەڵانە، هەم لە ڕووی مرۆیی و هەم لە ڕووی سیاسییەوە پێویستییەکی حەتمییە. ئێمە قبووڵی ناکەین کورد ببێتە بەشێک لە جەنگە ناوچەییەکان. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا پێکەوە دەوەستین و بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی هاوبەشمان. دڵمان لەلای هەولێرە، ئێمە لەگەڵ خوشک و براکانمانین و هەمیشە لەپشتیان دەبین."