سەرۆک بارزانی: زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە دووژمنکارانەیە دەکەم و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی دەڵێت،بە تووندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە دەکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و "ئەو پەلامارە دووژمنکارانەیە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".
 
رۆژی 24ـی ئاداری 2026، سەرۆک بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش برینداربوون"
 
هاوکات پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە کرد و دەشڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم".
 
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
 
سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت".
 
سەرۆک بارزانی دووپاتی دەکاتەوە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و دەشڵێت، "هیچكات هەڕەشە نەبووین بۆ سەر دراوسێکانمان و پێشمەرگەش ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە".
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
 
ئەو پەلامارە دووژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.  
 
پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.
 
مسعود بارزانی