هۆشیار زێباری و قادری حاجی عەلی لە سلێمانی كۆدەبنەوە
رووداو- هەولێر
دوور لە چاوی كامێراکان، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و قادری حاجی عەلی، هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەتەوە. سەركردەیەكی پارتیش دەڵێ: "پارتی بەو ئاراستەیە ئیش دەكات كە گۆڕان و لایەنەكانی دیكە بێنە نێو پرۆسەی گشتپرسی".
ئەو دیدارەی زێباری و قادری حاجی عەلی رۆژی 17/4/2017 لە شاری سلێمانی و دوور لە چاوی كامێراكان بووە. رووداو زانیویەتی گفتوگۆیان لە بارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی هەردوولا و نزیككردنەوەی بۆچوونی پارتی و گۆڕان لەبارەی گشتپرسی كردووە.
دوایین كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان رۆژی 19/12/2016 بوو كاتێك لە چوارچێوەی جێەجێكردنی پەیامەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
كاردۆ محەممەد، هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند :"گۆڕان پێشوازی لە هەر كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدار دەكات بە تایبەتی لەسەر بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، ئێمە لەگەڵ پارتی كێشەمان لەسەر ریفراندۆم نییە، بەڵكو لەسەر میكانیزم و رێگاكەی جیاوازیمان هەیە، ئەگەر ئیرادەیەكی هاوبەشی راستەقینە هەبێت، لە ماوەی 24 كاژێردا بڕیار لەسەر ریفراندۆم دەدەین، هیچ وڵاتێكی ئیقلمی و نێودەوڵەتیش ناتوانێت دژمان بووەستێتەوە".
كاردۆ محەممەد كارانەكردنەوەی پەرلەمان بە گرێكوێرەی قەیرانە سیاسییەكان دەزانێت و دەڵێ :"ئەگەر پارتی بڕیاری داوە پەرلەمان كارا بكاتەوە، زۆر ئاساییە گۆڕان و پارتی كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین بكەن، گۆڕان كۆبوونەوە رەتناكاتەوە، بەڵام كۆبوونەوەی بێ بەرهەم و لەپێناوی كۆبوونەوە رەتدەكاتەوە".
سەربەست لەزگین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان گلەیی لەو حیزبە دەكات و دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان كارێكی باشی نەكرد، دەرگای كۆبوونەوەی لە بەرامبەر شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی داخست، لە ماوەی رابردوودا لە پرسەی هاوژینی كاك نەوشیروان نامە گۆڕینە و بەشداریی شاندی باڵا لەو پرسەیە هەبوو، پێشتر شاندی باڵای پارتی سەردانی گۆڕانی كردبوو، بۆیە حەق نەبوو گۆڕان كۆبوونەوە رەتبكاتەوە".
سەربەست لەزگین ئاماژە بەوە دەكات كە سەركردایەتی حیزبەكەی بەو ئاراستەیە كاردەكات گۆڕانیش لە پرسی گشتپرسی بێتە نێو پرۆسەكە و دەڵێت "گۆڕان و لایەنەكانی دیكە لە پرۆسەكەدا بن گرنگە بۆ یەكدەنگیی كورد، پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە ریفراندۆم بكەن، ئەو بڕیارە حەتمییە و دواجار گۆڕان و لایەنەكانیش دێن، چونكە گۆڕان دژی ریفراندۆم نییە تەنیا لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان قسەیان هەیە، ئێمەش لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانین بەڵام بە رێككەوتن و شێوازێكی نوێ".
سەركردەیەكی باڵای گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەەڵێت كە لە ماوەی رابردوودا نامە و پەیوەندی لە نێوان ئەوان و پارتی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە هەبووە و گوتی "ئێمە لە بەیاننامە سێ خاڵییەكەی رۆژی 4/4/2017 بە روونی رامانگەیاند بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی پێویست بەهیچ كۆبوونەوەیەكی حیزبی ناكات، ئەمە پەیوەندی بە شاندی هاوبەش و تەنیا نییە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، با پارتی رێگا بدات پەرلەمان كۆببێتەوە و یاسای ریفراندۆم دەربكات و پرۆسەكە بەڕێوەبچێت".
دابڕانی پارتی و گۆڕان بۆ رووداوەكانی دوای دانیشتنی 23ی حوزەیران و 19ی ئابی 2015 دەگەڕێتەوە. رۆژی 8/10/2015 نۆیەمین كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی لە سلێمانی لە نێوان (پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ) بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندان و دروستبوونی گرژی لە بەردەم شوێنی كۆبوونەوەكە و دواتریش نەگەیشتنی لایەنەكان بە رێككەوتن و پاشان سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و گرژی لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، كە چەند كەسێكی تێدا كوژران و چەند بارەگایەكی پارتی سووتێنران، پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕانی تێكدا.
بە فەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی 12/10/2015 هێزە ئەمنییەكان لە بازگەی پردێ رێگرییان لە گەڕانەوەی د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ هەولێر و وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە حكومەت دوورخرانەوە.
رۆژی 3/2/2016 و دوای 118 رۆژ لە دابڕان و ساردوسڕی، شاندێكی باڵای پارتی كە لە رۆژ نووری شاوێس و مەحموود محەممەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە پێكهاتبوون، لە چوارچێوەی كۆمیتەی ئاساییكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوە.