لە شوێنی سەمای کوڕ و کچەکە لە شەقامی سالم نوێژی تەراویح دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە نوێژخوێنان لە سلێمانی کە 20 بۆ 30 کەس دەبن، لە شەقامی سالم - سەهۆڵەکە نوێژی تەراویح دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو کوڕ و کچێک لەو شەقامە سەمایان کرد و کاردانەوەی زۆری موسڵمانانی لێکەوتەوە. 
 
شەوی رابردوو لە شەقامی سالم لە سلێمانی دوو گەنج سەمایان کرد، کە یەکێکیان خەڵکی عێراق و ئەوی دیکەیشیان خەڵکی سووریا بوو.  

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە موسڵمانان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەخنەیان لە کارەکە گرت و بە "بێڕێزی" بە موسڵمانان و مانگی رەمەزان ناویان برد. بەشێکی دیکەش لە نووسەر و رۆشنبیران سەمای ئەو کچ و کوڕەیان بەلاوە ئاسایی بوو و بە دیمەنێکی "جوان" ناویان برد. 

ئەو کافتریایەی کە کوڕ و کچەکە سەمایان لەبەردەمدا کرد، ئەمشەو داخراوە تاوەکو موسڵمانان نوێژەکەیان تەواو دەکەن. هاوکات هاتووچۆی خەڵکیش بەو شوێنەدا تاوەکو کۆتاییهاتنی نوێژەکە راگیراوە. 

گەنجەکانی کە سەمایان کرد، تەمەنیان 21 ساڵان بوو. ئەوان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە لەبەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە کاژێر 22:00 پەخش دەبێت، بە رووداویان گوت، کارەکەیان بەبێ مەبەست بووە و داوای لێبووردنیشیان لە موسڵمانان کرد. 

مامۆستایەکی ئایینی کە پێشنوێژی بۆ ئەو موسڵمانانە دەکرد، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمشەو سوننەتی تەراویح ئەنجام دەدەن کە پلە و پایەیەکی گەورەی هەیە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام."

 

 

 
ئەو مامۆستایەی پێشنوێژی بۆ ئەو کەسانە کرد، ئاماژەی بەوە کرد، "خودای گەورە پاداشتی هەمووان بداتەوە و ئەوەشمان وەکو کاردانەوە نەکردووە.. بەڵام ویستوومانە ئەم کارەمان کاردانەوەی هەبێت کە لە شاری کاک ئەحمەدی شێخ چەند موسڵمانێک لەسەر شەقام نوێژ دەکەن."
 
لەبارەی سەمای ئەو کچ و کوڕە رایگەیاند، دەبوو ئەوکاتە رێگرییان لێبکرایە، بەڵام "خۆشبەختانە خەڵکی شارەکەی کاک ئەحمەدی شێخ نەبوونە." لەبارەی ئەوەی کە ئایا هیچ لایەنێکیان لەپێشتە، ئەو رایگەیاند، "ئێمە سەر بە هیچ حیزبێک نین."