ڤیدیۆ؛ زانیاریی لەبارەی ئەو کچەی لەبەردەم قەڵای هەولێر 'داوای باوەش' دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ڤیدیۆی کچێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا دەردەکەوێت پۆستەرێکی بە دەستەوە گرتووە و بە سێ زمان لێی نووسیوە باوەشی بە خۆڕایی. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش ئەو کچە خەڵکی سووریایە و یوتیوبەرە ئەو کارەیشی وەکو چاڵنجێک کردووە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو کچە لە پارکی شاری هەولێرە کە لە بەردەم قەڵای هەولێردایە. ژمارەیەک خەڵکی ئەو ناوەش لێی کۆبوونەتەوە و پێی دەڵێن، "بەم رەمەزانە ئەوە چۆن دەبێت؟"
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە دەستی کەوتووە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو کچە خەڵکی سووریایە و یوتیوبەرە و ناوی کارۆلین مارلینییە، تەمەنی 24 ساڵانە و ئێستا لە مالبۆرنی ئوسترالیا دەژی.
ئەو کچە لە یوتیوب ڤلۆگ دەکات و بەوهۆیەوە نێوبانگێکی باشی پەیداکردووە. لە نەورۆزی ئەمساڵیش ڤیدیۆی لە هەولێر تۆمارکردووە.
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، ئەو کچە چاڵنجێکی کردووە بۆ باوەشی بە خۆڕایی، چەند کەسێکیش باوەشیان کردووە، بەڵام دواتر خەڵکی لێی کۆبوونەوە و نەیانهێشتووە ئەو چاڵنجەی تەواو بکات.
بەپێی ڤیدیۆیەکی دیکە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت، چەند کەسێک پاڵ بە کچەکەوە دەنێن و دووری دەخەنەوە لە شوێنەکە.
ئەو رووداوە دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو کوڕ و کچێک لە شەقامی سالمی سلێمانی سەمایان کرد و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. ئەمشەو شەممەش، بەشێک لە موسڵمانان لەو جێگەیە نوێژی تەراویحیان کرد.
رووداو پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەو رووداوە تۆمارنەکردووە، بۆیە بەدواداچوونیان بۆ نەکردووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هیچ کەسێک مۆڵەتی لە ئەوان وەرنەگرتووە. جەختیشی لەوە کردەوە، بۆ هەر چالاکییەک دەبێت مۆڵەت وەربگیرێت، چونکە لەوانەیە ئەوان رێگەی پێنەدەن و بە چالاکییەکە رازی نەبن.