سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ: ئاماژەی دڕندەیی بەعس بوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا رایگەیاند، "بۆردوومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە 24ی نیسانی 1974 کە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئاماژەیەکی روونی سیاسەتی شۆڤینی و دڕندەیی رژێمی پێشووی عێراق لە دژی هاووڵاتیانی سڤیلی کوردستان بوو".
دەشڵێت، "ئەو کارەساتە دڵتەزێنە تاوانێکی دیکە بوو، لە زنجیرە تاوانەکانی ئەو رژێمە لە دژی گەلەکەمان".
سەرۆک بارزانی لە ئێکس پەیامەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، "لە ساڵیادی ئەو تاوانە گەورەیەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین".
ئەمڕۆ لە ساڵی 1974، رژێمی بەعس بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی کە بۆ ئەو شارە گواسترابوویەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس شەهید و سەدانی دیکەش بریندار بوون.