ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا لە مەخموور دەستبەکاردەبێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای دەستبەکاربوونی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بنکەی سەربازیی کەی وەنی کەرکووک، ئەمڕۆ لە مەخمووریش ئەو ژوورە چالاککراو ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوون، بڕیاریشە سبەی لە موسڵیش ژوورەکە چالاک بکرێت.
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە مەخموور رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 24-5-2021 ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور چالاک کراو ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو ژوورە دەستبەکاربوون.
 
رۆژی یەکشەممە 23-5-2021 ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بنکەی سەربازیی کەی وەنی کەرکووک دەستبەکاربوون، لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاندبوو تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم ژوورەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەشی چالاک دەکرێن.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، بڕیارە سبەی سێشەممە 25-5-2021 ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە موسڵیش چالاک بکرێت و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو ژوورەش دەستبەکارببن.
 
لەبارەی گرنگیی ئەو ژوورە هاوبەشە لەنێوان و پێشمەرگە و سوپا، عەمید روکن ئیدریس خدر، جێگری فەرماندی فرقەی چواردەی سوپای عێراق بە رووداوی گوت: "یەکەمیان گەڕانەوەی متمانە لەنێوانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، دووەمیان گۆڕینەوە زانیارییە هەواڵگرییەکان لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش و قەبارەی داعش لە ناوچەکە، سێیەمیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لەنێوان هەردوو هێز لە دژی تیرۆریستانی داعش، چوارەمیشیان هەڵگرتنی ژمارەی زۆری بازگەکان و دانانی بازگەی هاوبەشە لەو ناوچانە".
 
هەر لەبارەی گرنگی پێکهێنانی ئەو ژوورانە، عەمید عوسمان بەرواری، سەرپەرشتیاری تیمی پێشمەرگە لەو ژوورە هاوبەشەی مەخموور بە رووداوی گوت: "لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو متمانە و باوەڕە لای خەڵک نەمابوو، ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو متمانەیە بۆ خەڵک بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان لەو ناوچانە، کە پێشمەرگە جارێکی دیکە دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، کە قۆناخی یەکەمی کاراکردنی ژوورەکانی هاوئاهەنگییە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش بۆ ئەوەی بگەین بە قۆناخەکانی دیکە".
 
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە تەممووزی ساڵی 2020دا رێککەوتن چوار ناوەندی هاوبەش دروستبکەن، هەریەک لەو ناوەندانە 16 ئەفسەری پێشمەرگەیان تێدابێت، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری عێراقی و نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
 
لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراواندا، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 02-05-2021 لە بەغدا بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشداریی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە ناوەندەکانی نێوانیاندا چالاک بکرێن.
 
رۆژی شەممە 22ی ئەم مانگە لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەغدا لەبارەی ئەو پێکهێنانی ئەو ژوورانە قسەی بۆ کەناڵەکانی راگەیاند کرد و رایگەیاند: " ئەو ناوەندانە ناوەندی فیدراڵین بە سەرکردایەتی سوپای عێراق، نوێنەر و ئەفسەرانی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لەخۆی دەگرێت، لە نێویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، کە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کاردەکەن".
 
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەرکی ئەو ناوەندانە "تەنیا بۆ هاوئاهەنگیکردن و ئاسانکردنی کاری سەرجەم کەرتە سەربازییەکان و هاوئاهەنگی بۆ ئۆپەراسیۆن دژی داعشی تیرۆریستە. واتە ئەو ناوەندانە ئەفسەرانی سەرجەم دەزگاکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە لەخۆی دەگرێت، ئەرکیان هاوئاهەنگیکردنە و چالاککردنی ئۆپەراسیۆنەکانە دژی داعش و گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگرییە بۆ راوەدونانی ئەو چەتانە".
 
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراق لەسەر دروستکردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دیالە، کەرکووک، مەخموور، موسڵ و دوو ژووری سەرەکی لە هەولێر و بەغدا رێککەوتوون.
 
ژوورەکانی بەغدا و هەولێر ماوەیەکی زۆرە کراونەتەوە، هەفتەی رابردووش سەنتەری هاوئاهەنگیی هاوبەشی دیالە کرایەوە، رۆژی یەکشەممە لە کەرکووک و ئەمڕۆش لە مەخموور و بڕیارە سبەی لە موسڵیش ئەو ژوورە بکرێتەوە.