ئاسایشی سلێمانی: گرووپێکی تێکدەرمان دەستگیرکرد کە موڵک و ماڵی گشتییان شێواندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی "گرووپێکی تێکدەر" دەستگیر دەکات و دەڵێت، ناویان لەخۆیان ناوە 'گورگەکان" کە هەستاون بە شێواندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەو گرووپە پێنج کەسییەی راگەیاند و ئاشکرایکرد، کە گرووپەکە ناویان لە خۆیان نابوو "گورگەکان" و سەرجەمیان وێنەی "گورگ" لەسەر سنگیان کێشرابوو.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، گرووپی "گورگەکان" هەستاون بە شێواندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و فەرمانگە حکومییەکانی سنووری ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ.
ئەندامانی گرووپە وەک ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکردووە، پێکهاتوون لە: ( م ، ک ، م )؛ ( ک ، ن ، ش )؛ ( ت ، ح ، ش )؛ ( ک ، ج ، م ) و ( م ، خ ، ع ). دەشڵێت، تۆمەتباران بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.