بەڵێندەری ئەو پڕۆژەیەی دهۆک دەستگیرکرا کە چوار کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لەسەر سکاڵای داواکاری گشتیی سێمێل، بەڵێندەری ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونە دەستگیرکرا کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەرزکەرەوەیەک چوار کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستدا و کرێکارێکی دیکەش بریندار بوو.
 
دادوەر حەکیم عەبدولواحید، داواکاری گشتی لە دادگای سێمێل ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر لە رۆژی رووداوەکەدا دوو سکاڵای یاساییمان تۆمارکرد، یەکێکیان لەسەر بەڵێندەری پڕۆژەکە و ئەوی دیکەشیان لەسەر خاوەنی پڕۆژەکە بوو."
 
داواکاری گشتیی دادگەی سێمێل ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵێندەرەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، ئەوەش بەهۆی "کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکەدا." راشیگەیاند لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکەشدا هێشتا بەردەوامن.
 
دادوەر حەکیم عەبدولواحید گوتیشی: "دوای رووداوەکە سەردانی مەیدانیی پڕۆژەکەمان کرد؛ لە شوێنی رووداوەکەدا دیاربوو ئەو ئامێرەی (ئاسانسۆری دەرەکی) کرێکارەکانی لەسەر بووە و پێش کەوتنەخوارەوە، کۆن بووە و کوالێتیی وەک پێویست نەبووە." باسی لەوەش کرد، جیا لەم پڕۆژەیە، سەردانی پڕۆژەکانی دیکەش دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی پاراستنی سەلامەتیی گیانی کرێکاران.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، خاوەنی پڕۆژەکە وەبەرهێنەرێکی کورد و خەڵکی دهۆکە و چەند ساڵێکە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا کار دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، پێنج کرێکار لە قاتی حەوتەمی تاوەرێکەوە کەوتنەخوارەوە، چوار کرێکاریان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.