سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە مستەفا کازمی، کەسایەتیی سیاسی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کرد.
 
بەپێی بارەگای بارزانی، "لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی گشتی و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی ناوچەکە بە چڕی خرانە بەرباس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و تیشک خرایە سەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری لەم قۆناخەدا".
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "هەردوولا باسیان لە بارودۆخی سیاسیی عێراق کرد؛ هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرایەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.