کورد 8 کورسیی لە پەرلەمانی سووریا بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریادا، کورد توانی 8 کورسی بەدەستبهێنێت. ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسایەکی نوێ بەڕێوەچوو کە تێیدا لە پارێزگەی حەسەکە تەنیا 210 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا پێشتر بە بڕیار دەرچووبوو، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو کەس نەتوانێ راستەوخۆ دەنگ بدات، لە نێو ئەو دەنگدەرانەی لە حەسەکە بەشدارییان کردووە، حوسێن عەلی وەکو کوردێک دەنگی بە بەربژێرێکی کورد داوە و هیوای وایە ئەوەی کورد لە رووی سەربازییەوە بەدەستی نەهێناوە، لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەدەستی بهێنێت.
 
حوسێن عەلی دەڵێت: "من دەمەوێت یەکەمین پرسی ناو پەرلەمان دۆزی کورد بێت و لە دەستووردا مافەکانی کورد بچەسپێنرێن."
 
مافە دەستوورییەکان و زمانی کوردی
 
هەڵبژاردنەکە چوار کاژێری خایاند و یەکێک لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانیش فەسڵا یوسفە. ئەو ژنە سیاسەتڤانەی کە لە ساڵی 1987ـەوە خەریکی کاری سیاسییە، دوای سەرکەوتنی رایگەیاند، ئێستا بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکات.
 
فەسڵا یووسف دەربارەی بەرنامەی کارەکەیان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بەرنامەیەی پێشکەشی حکومەتمان کردووە، بریتییە لە مافی کورد؛ پێمان گوتوون دەبێت مافی کورد بچێتە ناو دەستوورەوە و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن، هەروەها داوامان کردووە هەموو پڕۆژە شۆڤێنییەکانی بەعس کە دژی کورد بوون هەڵبوەشێنرێنەوە و زیانلێکەوتووانی ئەو پڕۆژانەش قەرەبوو بکرێنەوە."
 
دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر ناوچەکاندا
 
بەپێی ئەنجامەکان، نوێنەرانی کورد بەسەر شارەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون: لە حەسەکە 1 کورسی، قامشلۆ 2 کورسی، دێرک 1 کورسی، کۆبانی 1 کورسی و لە عەفرینیش کە پێشتر هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوەچووبوو، 3 کورسی.
 
ئەنەس عەبدە، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی سووریا باسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ رووداو و دەڵێت: "ئەندامی کوردی پەرلەمان لە کۆبانی هەن، لە عەفرینیش هەن. راستە حەسەکە تایبەتمەندیی کوردیی هەیە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکەش کورد سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە."
 
پەرلەمانی سووریا لە 210 کورسی پێکدێت؛ 140 کورسییان لەڕێگەی دەنگدانەوە یەکلا دەکرێنەوە و 70 کورسییەکەی دیکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە دیاری دەکرێن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی راگەیاندنی ناوەکاندا، کەسایەتیی کوردی دیکەشیان تێدا بێت.