پەرلەمانتارێکی دەرچووی کورد لە سووریا: بە جلی کوردییەوە دەچم و رێبدەن بە کوردیش سوێند دەخۆم
رووداو دیجیتاڵ
فەسڵە یووسف، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی کورد لە پەرلەمانی سووریا رایدەگەیێنێت، بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە شاری دیمەشق، بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدار دەبێت و هەوڵ دەدات بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی سوێندی یاسایی بخوات.
فەسڵە یووسف، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژاڤای کوردستان کە دڵبخوین دارا پێشکێشی دەکات، قسەی کرد و گوتی: ئامانجیی سەرەکیی ئەو وەک پەرلەمانتار، بەرگریکردنە لە مافە رەواکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا.
ئەو گوتی: "دۆزی کورد دۆزێکی ستراتیژی و سیاسییە و دەبێت لە ژێر چەتری پەرلەماندا و لەرێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت."
سەبارەت بە ژمارەی پەرلەمانتارە کوردەکان کە تەنیا 8 کەسن، فەسڵە یووسف ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ژمارەکە کەمە، بەڵام ئەوان دەتوانن دەنگی کورد لە دیمەشق بەرز بکەنەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکان، جۆرێک لە هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هەندێک بەربژێری عەرەب کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەسڵە یووسف ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی سووریا لە قۆناخــێکی هەستیاردایە و پێشبینی دەکات لەو 7 پەرلەمانتارەی کە بڕیارە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان بکرێن، نوێنەری کوردیشیان تێدا بێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: فەسڵە خان بەخێربێیت. پیرۆزبایی سەرکەوتنت لێ دەکەین، خۆشحاڵم کە دەبینم ژنە سیاسییەکی کورد بووەتە پەرلەمانتار.
فەسڵە یووسف: سوپاس. سوپاس بۆ تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەم دەرفەتە. ئەم سەرکەوتنە لە هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم سەرکەوتنە لە داهاتوودا خزمەت بە دۆزی گەلی کورد بکات.
رووداو: چەند پرسیارێکی جیاوازم هەیە. بۆ نموونە، سبەی لە (دیمەشق) لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا بەشدار دەبیت؛ یەکەم داواکاری و یەکەم قسەت لە ناو پەرلەمانی سووریادا چی دەبێت؟
فەسڵە یووسف: بێگومان یەکەم داواکاری و ئامانجمان مافی گەلی کوردە. بەڵام کاتێک لە دەزگایەکی دەوڵەتی سووریادا کار دەکەین، بێگومان ئێمە کوردین و سووریاییشین؛ وەک چۆن بۆ دۆزی کورد کار دەکەین، ئاواش بۆ هەموو سووریا بە گشتی کار دەکەین. بەرگری لە مافی گەلی کورد و هەموو خەڵکی سووریا و هەموو پێکهاتەکان دەکەین تاوەکو هەمووان ئازاد بن و خاوەن ماف و رۆڵی خۆیان بن.
رووداو: فەسڵە خان، شتێکی دیکەم بە بیردا هات؛ سبەی ئەگەر سوێندی یاسایی هەبوو، بە کوردی سوێند دەخۆیت یان بە عەرەبی؟
فەسڵە یووسف: بەڕاستی لە بەرنامەمدایە کە هەم بە کوردی و هەم بە عەرەبی سوێند بخۆم. بێگومان دەبێت بە عەرەبی بێت چونکە پێکهاتەی عەرەبیش لەوێن، بەڵام ئەگەر ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت، بە کوردی و عەرەبی پێکەوە سوێند دەخۆم.
رووداو: بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچیتە ناو پەرلەمان یان بەم جلوبەرگەی ئێستاوە؟
فەسڵە یووسف: بۆ یەکەم دانیشتن، بێگومان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچم.
رووداو: زۆر باشە، جلوبەرگی کوردی زۆر لە تۆ دێت. فەسڵە خان، ژمارەی کوردەکان 8 پەرلەمانتارە؛ لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟ لە کاتێکدا هەندێک لایەن بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو.
فەسڵە یووسف: بەڵێ، وەک دەزانن دۆخی سووریا ئێستا لە قۆناخــێکی هەستیار و دژواردا تێدەپەڕێت. ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو سووریا ئەنجامدرا نەک تەنیا لە پارێزگای حەسەکە. بەهۆی ئەم بارودۆخەی سووریاوە، حکومەت بەم شێوەیە هەڵبژاردنی ئەنجام دا.
فەسڵە یووسف بەردەوام دەبێت: بە راستی ژمارەکە کەمە، بەتایبەتی بەراورد بە ژمارەی کوردەکان لە سەر زەوی، بەڵام لە پەرلەمانێکی وەک سووریادا، ئەگەر 20 یان 30 کەسیش بین، ئەگەر بە دەنگدان بێت و دۆزی مافی ئێمە لە ئارادا بێت، دەتوانین بەرگری لە مافی گەلەکەمان بکەین. دەمانەوێت دۆزی کورد وەک دۆزێکی سەرەکی لە ناو سووریادا لە رێگەی چارەسەری سیاسییەوە قبووڵ بکرێت. دەبێت هەمووان فێربن کە دۆزی کورد دۆزێکی رەوا و سەرەکی و ستراتیژی و سیاسییە و دەبێت لە ژێر چەتری پەرلەماندا چارەسەر بکرێت. بۆیە ئەم ژمارەیە بۆ ئێمە گرنگ بوو؛ چ 8 بین یان 10، دەتوانین دەنگی خۆمان لە پەرلەمانی سووریادا
رووداو: بۆچی هەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە بەشدار نەبوون؟
فەسڵە یووسف: بە راستی جێگەی داخی پارتە سیاسییە کوردییەکانە. پێشتر وەک ئەنجوومەن هەوڵمان دا، تەنانەت لەگەڵ کاک مەزڵوومیش قسەمان کرد و گوتمان با ئەم هەڵبژاردنە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەی دەنگی کورد هەبێت، بەڵام بەداخەوە کات درەنگ بوو و تێپەڕی؛ بۆیە ئێمە وەک ئەنجوومەن بڕیارمان دا بە شێوەیەکی فەرمی بەشدار بین.
رووداو: ئایا پشتگیریتان لە هیچ کاندیدێکی عەرەب کرد؟
فەسڵە یووسف: بەڵێ بێگومان، ئێمە پشتگیریمان لێ کردن. هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هەندێکیان هەبوو؛ بە تەنیا نەماندەتوانی دەنگ بهێنین، بۆیە هاوپەیمانێتی لە نێوانماندا دروست بوو؛ ئێمە دەنگمان بە کاندیدەکانی ئەوان دا و ئەوانیش دەنگیان بە ئێمە دا و ئەنجامەکەش باش بوو.
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە سەرۆککۆماری سووریا، ئەسعەد حەسەن شەئیبانی، مافی هەیە 7 پەرلەمانتار دەستنیشان بکات؛ بە بڕوای تۆ چەند لەوانە کورد دەبن؟
فەسڵە یووسف: بە راستی هێشتا دیار نییە، بەڵام پێشبینی دەکەم بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حکومەتی سووریاوە هەمانە، کورد لەو ناوانە بێبەش نابێت و چەند کورسییەکی کورد لە ناو دەستنیشانکراوەکانی سەرۆککۆماریشدا دەبێت.
رووداو: شتێکی دیکە؛ پەیەدە بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو، ئایا ئێوە دەتوانن وەک پەرلەمانتار رۆڵی خۆتان لەو شوێنانە بگێڕن کە هیچ میکانیزمێکی پەرلەمانییان تێدا نییە؟ تووشی زەحمەتی نابن؟
فەسڵە یووسف: من ئاگاداری بایکۆتکردنی پارتە کوردییەکان نیم؛ ئەوەی من بزانم پارتەکان خۆیان بەشدار بوون، رەنگە هەندێکیان کاندیدیان پێشکەش نەکردبێت، بەڵام خەڵکێک هەبوون کە لەسەر پارتەکان هەژمار دەکران و هاتنە پێشەوە و پارتەکان پشتیوانییان لێ کردن.
رووداو: لە کۆبانێش پشتیوانیتان لە بەربژێری عەرەب کرد؟
فەسڵە یووسف: لە کۆبانێ بە راستی ئاگادار نیم، چونکە ئەمڕۆ سەرقاڵی حەسەکە و قامیشلۆ بووین و نازانم لە کۆبانێ چی روویداوە و کێ لەگەڵ کێ رێککەوتووە.
رووداو: زۆر سوپاس. خۆشحاڵ بووم، ژنێکی وەک تۆ کە ساڵانێکە لە سیاسەتدایە و بەرگری لە دۆزی کورد دەکات، سبەی بە جلوبەرگی کوردی لە دیمەشق و لە ناو پەرلەماندا ببینم و بە زمانی کوردی سوێند بخۆیت. زۆر سوپاس فەسڵە خان و سەرکەوتوو بیت.
فەسڵە یووسف: زۆر سوپاس، سەرکەوتوو بیت.