رێنمایی یەکێتیی زانایان لەبارەی قوربانیکردن؛ "دەبێ ئاژەڵەکە بێ عەیب بێت"
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان مەرج و رێنماییە شەرعییەکانی بۆ ئەنجامدانی قوربانی لە جەژن دا راگەیاند و هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە هەر ئاژەڵێک عەیبدار و نا تەندروست بێت، وەک قوربانی قبووڵ ناکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی هەیە کە پێویستە لە ئاژەڵی قوربانیدا هەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکە دروست بێت. دەبێت ئاژەڵەکە تەندروست بێت، لەڕ و لاواز نەبێت، قاچی شەل نەبێت و کوێر نەبێت."
گوتەبێژی یەکێتی زانایان گوتی، قوربانی عیبادەتە و دەبێت بە دروستی و تەواوی بکرێت. گوتیشی: "پێویستە ئاژەڵەکە بە گشتی بێ عەیب بێت، چونکە ئەگەر یەکێک لەو کەموکوڕیانەی تێدا بێت، قوربانییەکە قبووڵ نابێت."
لەبارەی جۆر و تەمەنی ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی دەشێن، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت:"لە ئاژەڵە بچووکەکاندا مەڕ و بزن دەکرێنە قوربانی، بەو مەرجەی مەڕ ساڵێکی تەواو کردبێت و بزنیش دوو ساڵی تەواو کردبێت. هەروەها بۆ ئاژەڵی گەورە وەک مانگا و حوشتر؛ دەبێت مانگا دوو ساڵ و حوشتر پێنج ساڵی تەواو کردبێت".
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان باسی لەوەشکرد: "دەکرێت خێری حوشتر، گا و مانگا بۆ حەوت کەس بێت، بەڵام مەڕ و بزن تەنیا بۆ یەک کەس دەبێت."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی باسی لە لایەنی کۆمەڵایەتی و ئایینی قوربانییەکە کرد و گوتی: "قوربانی سوننەتی کیفایەیە، واتا ئەگەر ئەندامێکی خێزان بیکات، پاداشت و سوننەتەکە بۆ هەموو خێزانەکە هەژمار دەکرێت، دواتریش گۆشتەکەی بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت."
رۆژی چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، لە دوای نوێژی جەژنەوە، موسڵمانان دەتوانن قوربانیی بکەن تاوەکو ئێوارەی چوارەم رۆژی جەژن.