ژن و پیاو، منداڵ و گەورەی گوندێکی رووها یاریی تێنس دەکەن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
لە سەردەمی کەرەنتینەوە یاریی تێنس دەکەن.
لە سەردەمی کەرەنتینەوە یاریی تێنس دەکەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە گوندێکی ناوچەی قەرەژداخ لە رووهای باکووری کوردستان، ژن و پیاو، منداڵ و گەنج، پیر و کاڵ، هەمووان یاریی تێنس دەکەن.
 
بەهۆی خولیای زۆریان بۆ ئەم یارییە، لە گوندەکەیاندا یاریگایەکی تێنس دروستکراوە. گوندنشینان هه‌موو رۆژێک دوای تەواوکردنی کار و بارەکانی ناو گوند، روودەکەنە یاریگاکە و خەریکی تێنس دەبن.
 
ژنێکی ئەم گوندە لە رێگەی شاشەی رووداوەوە داوا لە هۆڵیا ئاڤشار (هونەرمەندی ناوداری تورک) دەکات سەردانی گوندەکەیان بکات بۆ ئەوەی پێکەوە یاریی تێنس بکەن. ئەم ژنە قەرەژداخییە دەڵێت دڵنیایە لەوەی لە یاری تێنسدا لە هۆڵیا ئاڤشار دەباتەوە.
 
فاتمە قەرەگەچی و بووشرای کچی، دوای تەواوکردنی کار و باری رۆژانەیان، بە تراکتۆرەکەیان بەرەو یاریگاکە بەڕێدەکەون. بەڵام ئەو وەرزشەی ئەوان دەیکەن، نەوەک لە گوند و قەزاکان، تەنانەت لە زۆرێک لە شارەکانیشدا دەست ناکەوێت.
 
بووشرا قەرەگەچی دەڵێت، "لەو تۆژە سەرەتاییانەدا تەنها منداڵان یارییان دەکرد و ژنان بەشدار نەدەبوون. لایەنەکانی دیکەش (مەبەستی لە تورکەکانە) وایان دەزانی کە ئێمە رێگە بە ژنان نادەین وەرزش بکەن و ئازاد نین. لەکاتێکدا شتی وا بوونی نییە. ئێمەش گوتمان با ئەمە بە خەڵک نیشان بدەین و بزانن ئێمە چۆنین. بۆیە من و کچەکەم دەستمان پێکرد و گوتمان ئێمەش یاریی دەکەین."
 
ناوی ئەم گوندە "قەبەسرت"ـە. نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە قەزای وێرانشاری سەر بە رووهاوە دوورە. چیرۆکی ئاشنابوونی گوندنشینان بە یاریی تێنس دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەردەمی کەرەنتینە.
 
ئەڤجباشی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت: "مامۆستایەکی وەرزشمان هەبوو کە ئامۆزای خۆم بوو. لە سەردەمی کۆرۆنادا خەڵک نەدەهاتنە لای یەکدی و تێکەڵ نەدەبوون. بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە ماڵەوە بێزار نەبن و حەسانەوەیەک بێت بۆیان، بیرمان کردەوە چی بکەین؛ گوتیان با خەڵکەکە بۆ خۆیان یاری بکەن."
 
بەهۆی حەز و خولیای زۆری گوندنشینان بۆ تێنس، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت یاریگایەکی تێنسیان لە گوندەکەیان کێشا. لەو رۆژەوە، زۆربەی گوندنشینان کاتە بەتاڵەکانیان بە یاری تێنس بەڕێ دەکەن و لە نزیکەوەش چاودێریی یاریزانە ناودارەکانی جیهان دەکەن.
 
گوندنشینانی قەبەسرت، لە ناو جەرگەی ژیانی کلاسیکی گونددا و بە دروستکردنی یاریگای تێنس، داهێنانێکی سەرنجڕاکێشیان بۆ ژیانی خۆیان زیاد کرد. ئەوان سەرەتایەکی جوانیان دەستپێکرد، بەڵام دەبێت ئەم چیرۆکە لێرەدا نەوەستێت و بەردەوام بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند سەر مانگایەک لە سۆران کە بۆ قوربانی ئامادەکراون.

رێنمایی یەکێتیی زانایان لەبارەی قوربانیکردن؛ "دەبێ ئاژەڵەکە بێ عەیب بێت"

یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان مەرج و رێنماییە شەرعییەکانی بۆ ئەنجامدانی قوربانی لە جەژن دا راگەیاند و هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە هەر ئاژەڵێک عەیبدار و نا تەندروست بێت، وەک قوربانی قبووڵ ناکرێت.