سەربڕخانەی هەولێر: ناونووسین بۆ قوربانی 82% کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر ناونووسین بۆ قوربانی بەراورد بە پار 82% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت، بەهۆی جەنگی ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمزەوە، نرخی ئاژەڵ و تێچووی هاوردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
یەکشەممە 24-05-2026 هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا 17 کەس و دوو رێکخراوی خێرخوازی لە کوشتارگەی هەولێر خۆیان بۆ قوربانیکردن ناونووس کردووە، لە کاتێکدا پار دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان 97 کەس و 11 رێکخراو و دەزگای خێرخوازی خۆیان ناونووس کردبوو.
بەگوێرەی ئامارەکەی سەربڕخانەی هەولێر بەراورد بە پار ناونووسین بۆ قوربانیکردن 82% کەمیکردووە، بەڵام وەکو هەڵمەت هەمزە گوتی،" جارێ زووە، بەڵام ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی قوربانیکردن بەراورد بە پار کەمببێتەوە".
نرخی کیلۆیەک ئاژەڵی گەورە وەکو مانگا و گوێرەکە بە زیندوویی بە 7 هەزار و 750 دینارە. هەروەها ئاژەڵی بچووک بە 9 هەزار دینارە، بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کیلۆیەک نزیکەی 1500 دینار گران بووە.
هەڵمەت هەمزە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە گەڕاندەوە، کە گرفتی بۆ گواستنەوەی دەریایی دروست کردووە.