هەرێمی کوردستان لە سەوزەدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەڵێن، هەرێمی کوردستان لەم وەرزە لە زۆربەی جۆرەکانی سەوزە گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردن نەماوە.
 
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی سەوزە و میوە لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەتاتە، پیاز،خەیار، ترۆزی، کولەکە، پاقلە، کەلەرم، بڕووکلی، خاس و قەڕنابیت نێوخۆ پێگەییوە و هیچ پێویستییەکیان بە هاوردەکردنیان نەماوە.
 
نرخی سەوزە خۆماڵییەکان لە عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: کیلۆیەک پەتاتە بە 500 بۆ 750 دینارە، پیاز بە 400 بۆ 650 دینارە، خەیار بە 500 بۆ 900 دینارە، کولەکە بە 250 بۆ 600 دینارە، پاقلە بە 450 بۆ 850 دینارە، کەلەرم بە 300 بۆ 500 دینارە، خاس بە 250 بۆ 450 دینارە و قەڕنابیتیش بە 450 بۆ 800 دینارە.
 
لەبارەی تەماتەوە دانا عەزیز گوتی، "تەماتەی نێوخۆی خانووە پلاستییەکییەکان پێگەییوە، بەڵام بەشی بازاڕی نێوخۆ ناکات و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاوردە دەکرێ، بەڵام نرخی جێگیرە و کیلۆی بە 350 بۆ 500 دینارە."
 
سەرپەرشتیاری عەلوەی سەوزە و میوە لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی لەم وەرزەدا هەرێمی کوردستان پێویستیی بە هاوردەکردن بێ میوەکانن."
 
حاجی عەتا محەممەد، گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە زۆربەی سەوزەکانی وەکو پیاز،خەیار، ترۆزی، پاقلە و قەڕنابیت گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و هاوردە ناکرێن". گوتی: "میوەکانی وەکو قەیس و گێلاس پێگەییون، بەڵام بەشی بازاڕ ناکات."