کاسبکارانی کەرکووک دژی دروستکردنی عەلوەیەکی نوێ خۆپێشاندانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
کاسبکاران و دووکاندارانی عەلوەی نموونەیی کەرکووک دژی بڕیاری دروستکردنی عەلوەیەکی نوێ لە شارەکە خۆپێشاندانیان کرد و رایانگەیاند، کردنەوەی ئەو شوێنە بژێویی دوو هەزار خێزان دەخاتە مەترسییەوە. پارێزگاری کەرکووکیش بڕیاری دا رێکارەکانی مەزادکردنی عەلوە نوێیەکە رابگیرێ.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، کاسبکارانی عەلوەی کەرکووک لە دژی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شارەکە بۆ دروستکردنی عەلوەیەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کەرکووک گردبوونەوە.
یەکێک لە کاسبکارە بەشداربووەکانی خۆپێشاندانەکە بە رووداوی گوت: "کەرکووک پێویستی بە دوو عەلوە نییە. ئێستا بژێویی نزیکەی دوو هەزار خێزان لەسەر ئەم عەلوەیەیە، ئەگەر شوێنێکی دیکە بکرێتەوە، زیانێکی زۆر بە کار و کاسبیمان دەگات، بۆیە داوا دەکەین مەزادەکە رابگیرێت."
خۆپێشاندانەکە گرژیی لێکەوتەوە کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا خێوەتی مانگرتنی کاسبکاران لابدەن. کاسبکارێکی دیکە گوتی: "دەیانەوێت بە زۆر خێوەتەکەمان پێ هەڵبگرن و رزقی منداڵەکانمان ببڕن، ئەمە زوڵمێکی گەورەیە."