فەرمانێك لە بارزانییەوە لەبارەی كوژرانی گەنجەكەی كەركووك

رووداو - هەولێر

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە رووداوی كوژرانی گەنجەكەی كەركووك دەكۆڵێتەوە و فەرمانی دەركردووە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونكردن، لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان و وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست.

دوو رۆژە كۆمەڵێك وێنەی گەنجێك بڵاوكراونەتەوە كە لەژێر لێدان و ئەشكەنجە كوژراوە و، دەگوترێت خەڵكی كەركووكە، ، هاوكات لەسەر جەستەی ئەو گەنجەی شاری كەركووك درووشمی پشتگیری لە پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبە نووسراوە و، ئاسایشی سەر بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش لەلایەن كادیرانی پارتی بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكرێت. 

لەبەرامبەردا عەمید سمكۆ مەحموود، گوتەبێژی ئاسایشی كەركووكی یەكێتی، رەتیكردەوە ئەو گەنجە لەلایەن ئەوانەوە كوژرابێت و بە رووداوی گوت "لەسەر ئازادی رادەربڕین هیچ كەسێك دەستگیر ناكەین".

ئەو نكوڵی لەوە ناكات كە لەماوەی رابردوودا بۆ چەند كاژێرێك ئەو گەنجەیان دەستگیركردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "لەسەر ئازادی رادەبڕین نەبووە، بەڵكو دەستگیركردنەكەی بەئاشكرا لەسەر دوو كەیسی دیكە بوو، لەپاش چەند كاژێرێكیش لە دەستگیركردنی ئازادكراوە".

راگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی گەنجێكی شاری كەركووك بە ناوی بارزان محەمەد ڕەحیم كە ئاسەواری ئەشكەنجدانیشی لەسەر جەستە دیارە، لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی لیژنەی تایبەتی لێكۆلینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەم كەیسە پێكبهێندرێت، ئەوەیش لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
24ـی 7ـی 2016