بارەگای بارزانی: ئەوەی بەرامبەر پێشمەرگە کاکەییەکە کراوە سووکایەتییە بە ئازادی و پێکەوەژیان

رووداو دیجیتاڵ

بارەگای بارزانی تاشینی سمێڵی گەنجێکی کاکەیی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە حەشدی شەعبییەوە "زۆر بە تووندی" سەرکۆنە دەکات و بە کارێکی "ناڕەوا و نامەردانە" ناوی دەبات. دەشڵێت، ئەوە "سووکایەتی و بێڕێزییە بە ئازادی و بیروباوەڕ و پێکەوەژیان."

لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-7-2022 بڵاوکراوەتەوە، بارەگای بارزانی جەختی کردووەتەوە لەوەی "بە هەموو توانایەکمان پشتگیری خوشک و برا کاکەییەکانمانین."

رۆژی شەممە 23ی تەممووزی 2022 لەلایەن چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبییەوە لە پێشمەرگەیەکی کاکەیی درا و سەر و سمێڵی تاشرا، ئەوەش ناڕەزایی گەورەی کاکەییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەیمەن عەبد کاکەیی تەمەن 30 ساڵ، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، ئەو جگە لەوەی پێشمەرگەیە، کرێکارە و لە کاتی کارکردن چەند چەکدارێک لەنزیک ئامرلی دەیبەن و سوکایەتیی پێدەکەن و سەر و سمێڵی دەتاشن.

ئەیمەن عەبد کاکەیی، پێشمەرگە لەبارەی چۆنێتی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت، "کە جامەکانی گرت، بۆکزێکی کێشا بە لووتمدا، سەرمی تاشی، هات دەست بۆ سمێڵم ببات، نەمهێشت و گوتی دەستت بێنە خوارەوە، میلی چەکی هێنایەوە و بە دوو کەسەوە دەستیان گرتم و سمێڵیان تاشیم. ئەوان سەر بە حەشدی شەعبی بوون و لە ئامرلییەوە هاتبوون و گەڕابوونەوە بۆ ئەوێش."

 

دوایین کاردانەوە و بڕیاری کاکەییەکان لەم ڤیدیۆیەدا ببینن:



شەوی رابردوو، وەکو ناڕەزایەتییەک، ژمارەیەکی بەرچاو لە کاکەییەکان لە کەرکووک دەرگای تەلاری پارێزگای کەرکووکیان گرت و رێگە سەرەکییەکانیان داخست، داوای دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانە دەکەن کە "سوکایەتییان" بە گەنجە کاکەییەکە کردووە.

راگەیاندنی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی دەڵێت، "ئەو کارە رەفتارێکی تاکە کەسییە و حەشد بەرپرسیار نییە، ئێمە بەدواداچوون دەکەین و لەو کارە بێدەنگ نابین، ئەرکی ئێمە پاراستی هەموو عێراقییەکە نەک لێدان و سوکایەتی پێکردن." پۆلیسی کەرکووکیش لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.

لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "دەستەبەری ئەوە دەکەین کەوا لەڕێگەی یاساوە جێبەجێ بکرێت و بکەری ئەو تاوانەش رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە، سبەینێش لە پارێزگاری کەرکووک کۆبوونەوەیەکی بچووک دەکەین بۆئەوەی ئەو رێگەیانە بگرینەبەر کەوا ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیی کاکەیی لەم شارەدا بپارێزرێت."

کاکەییەکان مۆڵەتی 24 کاژێریان بە لایەنە ئەمنی و ئیدارییەکانی کەرکووک دا تاوەکو ئەو کەسەی "سوکایەتیی" بەو پێشمەرگە کردووە رادەستی یاسا بکرێت و سزا بدرێت.