عەبدوڵڵا وەرتی: ئەوانەی ناو و لۆگۆی بزووتنەوەیان بەکاردە‌‌هێنا بارەگاکەیان داخرا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی سکاڵای پارێزەرەکەیانەوە، بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی 'باڵی کامیل حاجی عەلی' داخراوە، دەشڵێت هۆکاری سکاڵاکەشیان ئەوەیە ئەوان کە ئاڵا و لۆگۆی بزووتنەوەیان بەکارهێناوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 24-7-2023، بارەگایەکی باڵی جیابووەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی، کە لەلایەن کامیل حاجی عەلی سەرکردایەتی دەکرێت، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە شاری هەولێر داخرا و ئاڵاکەیان هێنرایە خوارەوە.
 
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەڵکانێک ناو و لۆگۆ و ئاڵای ئێمەیان وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەکارهێناوە و بارەگایان کردووەتەوە، بۆیە ئێمەش لە رێگەی پارێزەرەکەمانەوە سکاڵامان تۆمار کردوون، دیارە ئەمڕۆ بارەگاکەیان پێ داخستوون."
 
عەبدوڵڵا وەرتی گوتی: "ئێمە بە رەوایەتی کۆنگرە هاتووین و هیچ گرووپ و لایەنێکی دیکە ناتوانێ ناو و ئاڵا و لۆگۆکەمان بەکاربهێنێت". دەشڵێت: "هەر ناوێکی دیکە لەخۆیان دەنێن بەلامانەوە ئاساییە، بەڵام نابێت مێژوو و ناو و لۆگۆ و ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامی بەکاربهێنن."
 
مانگی شوباتی ساڵی 2022 بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی 12ـی حیزبەکەی گرێدا. عیرفان عەبدولعەزیز، بە رابەری گشتیی بزووتنەوە هەڵبژێردرایەوە،  
 
رۆژی 02-10-2022، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە؛ بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن؛ هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەین". ئەمەش بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد.
 
بزووتنەوەی ئیسلامی حیزبێکی سیاسیی ئیسلامییە و کار بۆ چەسپاندنی پەیڕەوکردنی شەرعی ئیسلام دەکات، لە ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیێندرا و وەکو یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدار لە باشووری کوردستان خۆی راگەیاندووە، لەپاڵ بەشێک لە حیزبەکانی دیکە بەشداریی لە شەڕکردن دژی رژێمی بەعس لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا کردووە.
 
بزووتنەوەی ئیسلامی وەکو حیزبی دایکی ئیسلامییەکان چەندین جیابوونەوەی تێدا رووداوە، لەوانە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر؛ جوندولئیسلام بە سەرکردایەتیی ئەبو عەبدوڵڵای شافیعی و باڵی ئیسڵاح و دواتر جوندولئیسلام کە لەلایەن مەلا کرێکارەوە سەرۆکایەتی دەکرا تاوەکو بووە ئەنسارولئیسلام.