بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور پەیامێك بۆ خەڵكی ناوچەكە دەنێرێت

رووداو - مەخموور

بەرپرسی لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور رایدەگەیەنێ ئەمڕۆ توانیویانە ناحیەی قەراج كۆنترۆڵ بكەنەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش لەو ناوچەیە جێگیر بكەن.

نەجات عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ كاژێر 6 بەیانی لە چەند قۆڵێكەوە بە ‌قووڵیی 20 كم و بە پانیی 40 كم هێرشمانكردە سەر ناحیەی قەراج و لەماوەی 3 كاژێر شەڕكردن توانیمان تەواوی ناوچەكە لە چەكدارانی داعش پاك بكەینەوە". گوتیشی: "ئێستا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەكە جێگیركراون و هیچ شوێنێك نەماوە لەم سنوورە كۆنترۆڵی نەكەینەوە".

نەجات عەلی ئەوەشی راگەیاند "داعش بەشێوەیەك تێكشكاوە، جارێكی دیكە جورئەتی ئەوەی نییە روو لەو ناوچەیە بكات"، دەشڵێت "چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكی قورس و دوو لاشەیان لەدوای خۆیان جێهێشتوون".

بەرپرسی لقی 23ی پارتی ئاماژەی بەو دەنگۆیانە كرد كە گوایە تەقینەوەیەك لە بارەگایەكی پارتی لە قەراج روویدابێت، ئەو دەڵێت "ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە".

نەجات عەلی پەیامی خۆی بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیە دەنێرێت و دەڵێت "لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێمخۆشە بە هەموو خەڵكی ئەو ناوچەیە بڵێم وریابن لە هاموشۆكردنیان، ئەوانەی دەیانەوێ بچنەوە گوندەكانیان، چونكە زۆربەی گوندەكان مینڕێژكراون"، دەشڵێت "تا قەراج ئازاد نەكرابوو، خەڵكی مەخموور و قەراج حەقی خۆیان بوو دوودڵ بن لەوەی بگەڕێنەوە یان نەگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا هەق نییە گومانیان هەبێت لەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

بەرپرسی لقی 23ی پارتی بەپێویستی دەزانێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خەمی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان دابێت و هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هەڵسن بە پاككردنەوەی ئەو گوندانەی مینڕێژكراون.