چیرۆکی خنکانی کچ و کوڕێک لە زێی بچووک لە پشدەر

رووداو - هەولێر 

رۆژی هەینی کچ و کوڕێک لە ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر خنکان، ئەمەش دوای ئەوەی کچەکە دەکەوێتە نێو ئاوەکە و کوڕەکەش خۆی فڕێدەدات بۆ ئەوەی رزگاری بکات. بەڵام هەردووکیان لە ئاوەکەدا دەخنکێن.


کوڕە ناوی رێبین بەکرە و کوڕە گەورەی ماڵەوە بووە و خوشك و برایەکی دیکەشی هەن، کچەکەش ناوی عائیشە ئیبراهیم عەلییە و دەستگیرانداربووە. 

خدر محەممەد، مامی رێبینە و چیرۆکی رووداوەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی: "رێبین لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی راوکردنی ماسی سەردانی زێی بچووک دەکەن لەنزیک گوندی کەویی لە سنووری قەزای پشدەر، لەوێ خێزانێکی لێدەبێت ئەوانیش بۆ گەشت و سەیران سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە، رێبین گوێی لە دەنگی کچێک دەبێت کە هاوار دەکات بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە کە لەگەڵ ئەودا بووە رزگاری بکەن، بەڵام دواتر کچە خۆی پێناگیرێت و بۆ کوڕەکە کە (دەستگیرانی) بووە خۆی فێڕدەداتە نێو ئاوەکە و دواتر رێبین بەدوای کچەکەدا خۆی دەخاتە نێو ئاوەکە بۆ ئەوەی کچەکە رزگار بکات".



مامی رێبین دەڵێت: "بەداخەوە هەرچەندە دەستگیرانی کچەکە رزگاری بووە، بەڵام کچەکە (عائیشە) و رێبین هەردووکیان لەئاوەکەدا دەخنکێن".

پێشتر حوسێن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی راپەڕین بە رووداوی راگەیاندبوو، کە سەرەتا کچەکە خنکاوە و دواتریش کوڕەکە هەوڵیداوە رزگاری بکات، بەڵام خۆیشی خنکاوە.

کچەکە و کوڕە دانیشتووی قەڵادزێن و تەمەنیان 20 ساڵە، کوڕەکە خوێندکارە و کچەکەش کچی ماڵەوەیە. مامی رێبین دەڵێت: کچ و کوڕە خنکاوەکە بەهیچ شێوەیەک خزمی یەکدی نەبوون و هەر یەکدیشیان نەناسیووە. رێبین تەنیا هاوکاریی کردووە بۆ ئەوەی رزگاری بکات، بەڵام دواتر ئەویش لەگەڵ کچەکەدا خنکاوە.