رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی کۆبوونەوە، "بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و سبەینێش درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەن".
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێ شەوەوە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، سبەی درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدرێت و "ئەمڕۆ نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی".
ناکۆکییەکە لەسەر داهاتی باج و رسووماتە. سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت: "عێراق داوای 100٪ـی دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەمە رازی نابێت، بەڵام رێککەوتوون لەسەر 50٪ـی داهاتی گومرک و سنوورەکان."
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووە؛ شاندی هەرێمی کوردستان رۆژی 19ـی ئابی 2025، لەگەڵ لێژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. ئەو بەرپرسە دەڵێت: "نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگی 6 گەیشتووەتە دەستی تەیف سامی، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە و داوای جێبەجێکردنی مەرجەکان دەکات؛ کە 120 ملیار داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتە".
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە؛ دوایین جار 24ـی تەممووز بوو کە مووچەی مانگی ئایار نێردرا و رۆژی دواتر دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ