نێچیرڤان بارزانی و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا: مووچه‌ بەيه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی ئەیلوولی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئابووری، و پرسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە. هاریس ئاماژەی بە بەها هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە "واشنتن پابەندە بە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش".
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا، "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە زووترین کات دۆسیەی دارایی و مووچە یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ بدۆزرێتەوە".
 
مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لە دیدارەکەدا، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.