لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلە "علوج"ـەکانی هەولێر چوار کەس بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلەکان ناسراو بە "علوجەکان" لە هەولێر دوو کەس شەڕ دەبێتە دەمەقاڵییان و تەقە دەکەن، بەهۆی شەڕەکەوە چوار کەس بریندار بوون و 5 ئۆتۆمبێلیش گوللەیان بەرکەوت؛ یەکێک لە شایەتحاڵەکان رایگەیاند، بریندارەکان گوللە بەر قاچ و رانیان کەوتووە، یەکێکشیان پارچە بەر سەری کەوتووە، تەقەکەرەکانیش هەڵاتن.
 
رۆژی دووشەممە 24-10-2022، فەرهەنگ ساڵح، شایەتحاڵ و یەکێک لەو کەسانەی لەو شوێنە کار دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 4ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی دوو گەنج، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێگزەمینیان پێبوو دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروست بوو، دواتر بووە شەڕە تەقە و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون، کە گوللە بەر قاچ و رانیان کەوتووە، هەروەها پێنج ئۆتۆمبێلیش گوللەیان بەرکەوت و زیانێکی زۆری داراییشی هەبوو."
 
پێشانگەی ئۆتۆمبێلە علوجەکانی هەولێر دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر - مەخموور و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو پێشانگەیە کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت زۆرینەیان بێ سەرەتان.
 
هێشتا دیارنییە شەڕەکەی پێشانگەی ئۆتۆمبێلی علوجەکان لەسەر چی بووە، بەڵام پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
 
ئەو شەڕە تەقەیە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە، 24-10-2022، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەفتەی داماڵینی چەکی راگەیاند کە لە ئەمڕۆوە تاوەکو رۆژی 30ـی ئۆکتۆبەر دەخایێنێت و داوای لە خەڵک کردووە هەموو جۆرە چەکێکی قورس رادەستی حکومەت بکەن و دەمانچە و کڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی لەو بنکانە تۆماربکەن کە دەستنیشانکراون.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆ، ماوەی یەک ساڵ دەستنیشانکراوە بۆ تۆمارکردن، لەو ماوەیە رێگە نادرێت هیچ کەس چەکی بێ مۆڵەت، ئەگەر تۆمارکراویش بێت لە شوێنە گشتییەکان هەڵبگرێت، چونکە ئەوە پێچەوانەی یاسایە.