وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لەگەڵ باوکی رۆژین کابائیش کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی تورکیا لەگەڵ نیزامەدین کابائیش، باوکی رۆژین کابائیش کۆبووەوە.
ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی رۆژی پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی ئیکس رایگەیاند، لەگەڵ نیزامەتین کابائیش، باوکی رۆژین کابائیش کۆبووەتەوە.
گۆکتاش، گوتی: "کۆچی دوایی رۆژینی کچمان هەموومانی بریندار کرد. ئەمڕۆ لە وەزارەتەکەمان لەگەڵ باوکی رۆژین کۆبووینەوە کە لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵیانداین. هاوبەشی خەممان کردن و هەستیاری و سووربوونی خۆمانمان لەبارەی پرۆسەکەوە دەربڕی."
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، تەرمی رۆژین کابائیش خوێندکاری زانکۆی وان کە خەڵکی ئامەد بوو، دوای 18 رۆژ لە دیارنەمانی بە دووریی 24 کیلۆمەتر لە بەشە ناوخۆییەکەی لە کەناری دەریاچەی وان لە گوندی مۆلا قاسم دۆزرایەوە.
وەزیر گۆکتاش ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی رۆژین کابائیش دا و گوتی: "لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە و بە وردی لە هەموو بەڵگە و راپۆرتەکان دەکۆڵدرێتەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە دادوەرییەکان بەڕێوەدەچێت."
خانەوادە و پارێزەرەکانی لە سەرەتاوە گومانیان لە گیانلەدەستدانی رۆژین هەیە و دەڵێن، کوژراوە.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی پزیشکی داد، لە دوو شوێنی جەستەی رۆژین کابائیش دی ئێن ئەی دوو پیاو دۆزراوەتەوە، ئەمەش گومانەکان زیاتر دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، خانەوادەکەی هێشتا چاوەڕێن بزانن کچەکەیان چۆن گیانی لەدەستداوە.