ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی ورمێ بۆ بەرپرسانی ئێران: پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوتتاندا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەوڵیاندا بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ کۆتایی بە ناڕەزایەتیی شەوی رابردووی شاری دێهدەشت لە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد بهێنن.
پشتبەستن بە سەرکوت، رێکاری سەرەکیی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان بووە. ئەمە بە تووندترین شێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا روویداوە؛ بەڵام سەرکوتی زۆری ناڕەزایەتییەکان لەلایەن دەسەڵاتی ئایینیی شیعەوە، ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ئایینیی سوننەی بەداوە بووە. مامۆستایانی ئایینیی ورمێش پشتیوانییان بۆ داواکاریی خۆپێشاندەران دەربڕی.
ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینیی ورمێ لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدار رایانگەیاند، "دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان بێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن، هەروەها بەرپرسان پێداچوونەوە بە شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناڕەزاییاندا بکەنەوە و داواکارییە رەواکانیان قبووڵ بکەن. سەرکوت، هەڵاواردن، زەبروزەنگ و کوشتاری بێبەزەییانە کۆتایی پێبێت."
کۆمەڵیک لە نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا، کوشتاری خەڵکیان سەرکۆنە کردووە و پشتیوانییان بۆ خەڵک و داواکارییەکانیان دەربڕیوە. ئەوان داوایان لە پەرلەمانتارانیش کردووە، بۆ هاودەردی لەگەڵ خەڵک دەست لەکاربکێشنەوە.
دەیان کەس لە مامۆستا ئایینییەکانی بەلوچستانیش رایانگەیاند، ناڕەزایەتییان بە شێوازی هەڵسوکەوتی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە، بە کوشتاری بێڕەحمانە لە قەڵەمیان داوە و داوایان کردووە ئەم رەوتە رابگیرێت و گوێ لە دەنگی خەڵک بگیرێت. مامۆستا بەلوچەکان داوایان لە مەرجەعە شیعەکانیش کردووە بێدەنگیی خۆیان بشکێنن و رێگە نەدەن لەوە زیاتر خەڵک بکوژرێت و زوڵمی لێبکرێت.
مەولەوی عەبدولحەمید، بەرزترین کەسایەتیی ئایینیی بەلوچیش ناڕەزایەتیی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ کورد دەربڕیوە و دەپرسێت، "ئاخۆ دادپەروەرانەیە ناڕەزایەتیی خەڵک بە گولە وەڵامی بدرێتەوە؟"
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو رۆژی چوارشەممە 440 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون کە نیوەیان لە دوو نەتەوەی کورد و بەلوچ بوون. هەروەها 56 کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون.
شەوی رابردوو لە مەریوان کەسێکی دیکەش لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە؛ بەپێی راپۆرتی ئاژانسی تەسنیم، عەلی فەتاحی، ئەندامی سوپای پاسداران بووە. هەروەها رۆژی رابردوو ئەندامێکی پۆلیسی شاری بانەش کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە ناڕەزایەتییەکاندا بریندار ببوو، لە تاران گیانی لەدەستداوە.
دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێکاری سەرکوتی تووندی رەچاو کردووە، بەڵام بەرەنگاری و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوازی جیاواز بەردەوامە.