رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەناو یەکێتی باسی بەربژێری سەرۆککۆمار نەکراوە، هەر کاتێک ئەو بابەتە هاتە ئاراوە، لەناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و ئەوکاتە بەربژێری فەرمیی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16ىی رووداو، کە زانا کایانی پێشکەشی دەکات لەبارەی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، رایگەیاند: "قسەکەی کاک قوباد تاڵەبانی پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، یەکێتی ئامادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانە و هیچ کاتێکیش لەگەڵ دواخستنی پەرلەمان و حکومەت نەبووین، بۆ ئەم مەبەستە یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەت نەرمی نواندووە".
لەبارەی هەوڵەکانی ئێستای پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی: "پەیامی پارتی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی باشە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین و نابێ چیتر ئەو پرسە دوابکەوێت." گوتیشی: "کارێکی باشە کە پارتی ئەو لەمپەر و بەربەستانە لابەرێت، کە لەبەردەم پرۆسەکەدان، چونکە ئێمە تێبینیمان لەبارەی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەمانەوێت حکومەتێک بێت کە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات".
لایەنە سیاسییە شیعەکان لە نێو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" یەکیانگرتووە و گەورەترین فراکسیۆنیان راگەیاندووە. سوننەکانیش بەهەمانشێوە ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانییان پێکهێنا، تەنیا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تاوەکو ئێستا بە پەرتەوازەیی ماون.
لەوبارەوە سیروان تاڵەبانی گوتی: "لە دوای پرۆسەی ئازادی، کورد یەکگرتووترین پێکهاتەی ناو لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بوو، نەک کێشەکانی خۆی، بەڵکو کێشەی لایەنەکانی دیکەی چارەسەر دەکرد. بەڵام بەداخەوە ئیستا تەنیا ناو ماڵی کورد پەرتەوازەیە، هێزە سیاسییەکان بە جیا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەن، ئەمە رەنگدانەوەی خراپی هەیە لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، لایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەیەکدا و لە هاوپەیمانیێتێک دا یەکبگرن و پۆست و دەستکەوتی حیزبی بەلاوە بنێن، ئەولەویەتی کارەکان بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت، بەمە سەنگ و پێگەی کورد گەورەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ